سەرکردەیەکی دیاری باڵەكەی كۆسرەت رەسوڵ لە هەوڵێکی "تیرۆرکردن" ڕزگاری بوو

"ناوەندی بڕیار"ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاشکرای کرد، "سەرکردەیەکیان لە هەوڵێکی تیرۆریستی ڕزگاری بووە".

بەپێی هەواڵێکی پەیجی فەرمیی "ناوەندی بڕیاری یەکێتی" لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک کە ”ڕۆژی سێشەممە 13\9\2016، بۆمبێکی چێندراو بە ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانی پێشمەرگە لە میحوەری نەقشبەندی و تبجدا تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە 4 پێشمەرگە بریندار بوون". ڕوونیشی کردووەتەوە: ”میحوەری نەقشبەندی و تبج، سنوورەکەی لە باکوورەوە لە ناحیەی کوڵەجۆوە درێژ دەبێتەوە تا سەر دەریاچەی حەمرین و لە خۆرئاوای جەلەولاوە تا قەرەتەپە و فەرماندەی میحوەرەکە عەدنانی حەمەی مینا، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی و سەرکردەی دیاری ناوەندی بڕیاری یەکێتییە".

لەهەواڵەكەدا هاتووە ”بۆمبەکە لەسەر ڕێگای سەرەکیی هاتوچۆی عەدنانی حەمەی مینا داندراوە، هەرچەندە ئەو سەرکردەیە ڕۆژی دووشەممە 12\9\2016، سەردانی هێزەکانی سنووری میحوەرەکەی کردووە، بۆیە لە لایەن تیرۆرستانەوە بۆمبەکە بە ئامانجی تیرۆرکردنی عەدنانی حەمەی مینا دانراوە، بەڵام دوێنێ بە هۆی کارێکی تایبەتەوە، ئەو سەرکردەیەی ناوەندی بڕیاری یەکێتی، گەڕاوەتەوە سلێمانی و سەردانی هێزەکانی نەکردووە و بۆمبەکە بە ئۆتۆمبیلێکی تری هێزەکانی پێشمەرگەدا تەقیوەتەوە".




PM:01:50:14/09/2016