بان کی مۆن وەسفی ئازادی نادیە مورادی کرد
نێچیرڤان بارزانیش ئامادەی هەموو هاوکاریەکە

نادیە موراد وەک یەکەم کچی ئێزیدی بە باڵوێزی نیاز پاکی لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەستنیشان کرا، لەمەراسیمێکدا سەرۆکی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی ئازایەتی نادیەی کرد، حکومەتی هەرێمیش ئامادەیی هەموو هاوکاریەکی پێشاندا.
 
دوای دەستنیشانکردنیشی نادیە موراد وەک باڵوێزی نیاز پاکی کۆمەڵەی نەتەوەیەکگرتووەکان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمیش لە پەیامێکدا ڕایگەیاند" حکومەتی هەرێم بە هەموو شێوەیەک ئامادەیە هەموو پشتگیرییەکی پێویست پێشکەش بە نادیە موراد و کار و ئەرکە نوێیەکەی بکات".

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەشداوە، دەستنیشانکردنی نادیە موراد نیشانەی دڵسۆزی و پشتیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بۆ خوشک و برا ئێزدییەکان و وتیشی، نادیە جێگای شانازی هەموو ئێزیدییەکان و تەواوی کوردستانە.

ئێوارەی ئەمڕۆ وەک یەکەم کورد لە مێژووی نەتەوەیەکگرتووەکاندا و بە ئامادەبوونی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان، نادیە موراد وەک باڵیۆزی نیازپاکیی نەتەوەیەکگرتووەکان دەستنیشانکرا، بان کی مۆن وتی "شانازی دەکەین بە نادیە موراد وەک باڵیۆز" .

دوای دەستنیشانکردنی، نادیە موراد ڕایگەیاند، "تائێستا سێ هەزار و ٢٠٠ کچ و ژنی ئێزدی لەلای داعشن و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەموو ڕێگایەک بگرنە بەر بۆ ئازادکردن و گەڕانەوەیان بۆ نێو خێزانەکانیان".

نادیە موراد ئاشکراشیکرد، چەندین جار لەلایەن گروپی داعشەوە هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە و وتیشی، ئەو تائیستا خۆی بە ئازاد نازانێت تاوەکو هەموو کچان و ژنانی ئێزدی ڕزگارنەکرێن.

هاوکات بان کی مۆن، سكرتێر گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە وتەیەکدا سڵاوی بۆ ئێزیدییەکان نارد کە ئەو هەموو قوربانییانەیان لە ئەستۆ گرتوە و ڕایگەیاند، شانازی دەکات بە هەڵبژاردنی نادیە موراد وەک باڵیۆز.

هەر لە مەراسیمەکەدا باس لە ئازایەتی و بوێری و لێهاتویی نادیە موراد کرا کە چۆن توانیوێتی چیرۆکی مەرگەساتی کچان و ژنانی ئێزیدیی بگەیەنێتە جیهان.





AM:01:21:17/09/2016