نە باڵی "ناوەند" نە باڵی "زۆرینە"ی یەکێتی پاشەکشە لە حکومەت ناکەن

یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە هەردوو باڵەکەیە لە بەرنامەیاندا نییە پاشکشە لە حکومەت بکەن و درێژە بە بەشداریان دەدەن لە کابینەی هەشتەمدا.

سەرچاوەیەکی ئاگاداری سیاسی بە سپی راگەیاند" دوێنی لە کۆبوونەوەی نێوان هەردوو جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کوردستان کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح لەگەڵ ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی سەڵاحەدین بەهادین، ئەو دوو بەرپرسەی یەکێتی ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد کە ئەوان وەک یەکێتی پاشەکشە ناکەن لەکابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێم".

بە پێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە لەو کۆبوونەوەیەدا ئەو دوو بەرپرسەی یەکێتی ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە کە ئەگەر ئەوان پاشەکشە بکەن لە حکومەت بە مانای ئەوە دێت هەرێم بە ئاراستەی دوو حکومەتی دەڕوات ئەو دەمەش ناوچەکانی سلێمانی هەموو رۆژێک دەبێت بڕی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشن تا بتوانن مانگانە مووچەی فەرمانبەرانی ئەم ناوچەیەی پێ بدرێت.
هاوکات ئەوان لەگەڵ دوو حکومەتیدا نین.

لەو کۆبوونەوەیەدا هەردوو بەرپرسەکەی یەکێتی جەختیان لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە ئەوان ئینشقاق ناکەن لەریزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا دەمێننەوە.

ئەم بیروڕایەی ئەو دوو بەرپرسە بالآیەی یەکێتی لە کاتێکدایە کە باڵی "زۆرینە" کە  قوباد تاڵەبانی و  زۆرێک لە وەزیرەکانیش سەر بەو باڵەن هێج ئاماژەیەک نییە کە پاشەکشە بکەن لە کابینەکەی نێچیرڤان بارزانی.
  



PM:05:14:19/09/2016