یەکێتی: رۆژێک لە رۆژان یەکێتی نەوتی کەرکوک نەبردووە

ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئاسۆ مامەند دەڵێت"ڕۆژێك لەڕۆژان یەكێتی نەوتی كەركوكی بە قاچاخ نەبردووە و ئێستاش دەتوانن لێكۆڵینەوە بكەن كە ئایا یەكێتی نەوتی بە قاچاخ بردووە یان نا؟".

ئاسۆ مامەند ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی NRT   رایدەگەیەنێت " دوو ساڵە دوو كێڵگەی نەوتی كەركوك لەلایەن هێزێكی سەر بە سامانە سروسشتییەكانەوە داگیركراون".

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی کە بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکیشە، دەڵێت " ئەو هێزەی پارتی كە بەرەو كەركوك جوڵێندرابوون لەوە زیاتر بووە كە بۆ پاراستنی كێڵگە نەوتییەكان هێنرابێتن".

ئەو ئاشکرای دەکات لەسەر جوڵاندنی هێز لەكەركوك لەلایەن پارتییەوە پەیوەندییان كردووە بەو حزبەوە و ئێستا ئەو كێشەیە كۆتای هاتووە.

ئەو بەرپرسەی یەكێتیی وتیشی "هەندێك كەس تانكەری نەوت دەبینن گوایە یەكێتی نەوت بە قاچاخ دەبات، بەڵام ئێمە ڕاستی دەكەینەوە كە ئەو تانكەرانەی دەبیندرێت بۆ وێستگەی كارەبا دەنێردرێن لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندیدا".
ئەم وتانەی ئەو بەرپرسەی یەکێتی دەچێتە خانەی ئەو ناکۆکیەی لەنێوان پارتی و یەکێتیدا ماوەیەکە لە ئارادایە لەسەر نەوتی کەرکوک. 



PM:10:22:19/09/2016