ئەندامێکی سکرتارییەتی یەکێتی مامۆستایانی
کوردستان ڕایگەیاند خشتەیەکی نوێی پاشەکەوتی موچەیان ئاڕاستەی بارزانی کردووە کە
ڕێژەی پاشەکەوت تێیدا لە نێوان ٥% بۆ ٤٠% دەبێت.
ئەحمەد کەرکوکی، ئەندامی سکرتارییەتی یەکێتی
مامۆستایانی کوردستان ڕایگەیاند " لەو یاداشتەدا لیستێکی نوێمان خستووەتەڕوو کە
تایبەتە بە پاشەکەوتی موچەی مامۆستایان، ئەو لیستە بەجۆرێکە کە پاشەکەوتی موچەی مامۆستایان
دەبێت لە نێوان %٥ بۆ %٤٠ بێت و ئەوەشمان بەشێوەی پلەبەندی دیاریکردووە، بەجۆرێک کە
%٤٠ تەنها پلە یەک و دوو دەگرێتەوە واتە ئەوانەی موچەکانیان لە سەروو دوو ملیۆنەوەیە''.
هاوکات ئەحمەد کەرکوکی ڕایگەیاند ''لە چەند سەرچاوەیەکی
حکومەتەوە بەڵێن دراوە کە بە پاشەکەوتی موچەی مامۆستایاندا بچنەوە، بەڵام ئەمە تەنها
بەڵێنێکی ئاساییە و بەفەرمی رانەگەیەندراوە"
هاوکات شوان قەڵادزەیی ئەندامی لێژنەی پەروەردە
و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە گۆڕانکاری لە خشتەی پاشەکەوتی مامۆستایان
بە باسی وتووە "کاتی ئەوە هاتووە ناڕەزایی خەڵک و فەرمانبەرانی کوردستان و مامۆستایان
بەهەند وەربگیرێت، ئەوەی ئاگادارم بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، بڕیار لەبارەی مووچەی
مامۆستایانەوە بدرێت، بەپێویستی دەزانین ئەو بڕیارە بەجۆرێک بێت کە تینوێتیی مامۆستایان
و فەرمانبەران بشکێنێت و دەبێت بڕیارێکی خەمخۆرانە بێت کە ئێستا لە ئاستی باڵادا گفتوگۆی
لەسەر دەکرێت، چونکە بەو ڕێگایە پرۆسەی پەروەردە بەڕێوە دەچێت و بە ئاسایی دەوامی خۆیان
دەکەن".