ئەحمەد حاجی رەشید: سەردانەکەی بارزانی بۆ بەغدا هیچی لێ سەوزنەبوو

پەرلەمانتاری کوردی عێراق ئەحمەد حاجی رەشید لەسەر پرسی سەردانەکەی بارزانی بۆ بەغدا دەڵێت" ئەو سەردانە هیچی لێ سەوز نابێت".

لە لێدوانێکدا بۆ سپی، ئەحمەدی حاجی رەشید سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی عێراق بە سپی راگەیاند" سەردانی ئەو وەفدە بۆ بەغدا لە بەر رۆشنایی پارتی دیموکراتی کوردستان بووەو زیاتر بۆ رزگارکردنی سیاسەتی ئەو حیزبەیە لەو قەیرانەی سیاسیەی تیایدا دەژی".

ناوبراو وتیشی" لەم ماوەیەی رابردوودا بەهۆی ئەو سیاسەتەی پارتی پیادەی کردووە لەسەر ئاستی عێراق کۆمەڵێک پۆستی لێ سەندراوەتەوە، لەوانە ئایاد حاجی نامق ئەمینداری گشتی ئەنجومنەی نوێنەرانی عێراق، بابەکر زێباری سەرۆکی ئەرکانی سووپای عێراق، رۆژ نوری شاوەیش جێگری سەرۆک وەزیران، هۆشیار زێباری وەزیری دارایی، هاتنی بارزانی بۆ بەغدا بۆ رزگارکردنی ئەو پێگە سیاسیە خراپەیە کە پارتی تیایدا گووزەر دەکات لەعێراقدا".

سەرۆکی فراکسیۆن کۆمەڵ لە پەرلەمانی عێراق وتی" زۆر زەحمەت و محاڵە لەسەر پرسی نەوت هەرێم و بەغدا رێکبکەون، عەبادی هەرگیز سازش لەسەر ئەوە ناکات کەبەپێی رێکەوتنی پێشوو دەبێت هەرێم نەوت بە پێی یاسای بودجە رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات کە رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیلی هەرێم و ٣٠٠هەزار بەرمیل نەوتی کەرکوکە، هەروەها گرێبەستەکانی نەوتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیاکان و پابەندی حکومەت بەو کۆمپانیانەوەو  بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوتەکە بەتەواوی جیاوازە لەو سیستەمەی لە عێراق پیادە دەکرێت، بۆیە زۆر زەحمەتە هەرێم و بەغدا لەسەر پرسی نەوتیش رێکبکەون".
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی ئاشکرا کرد، کە حەیدەر عەبادی ناتوانێت بڕیاری گەورە لەسەر کۆمەک کردنی دارایی هەرێم بدات، چونکە مالکی و دەوڵەتی یاسا بەبەردەوامی فشارێکی گەورەیان لەسەر ناوبراو هەیە، بە ئاراستەی شکتپێهێنانی کابینەکەی و گۆڕینی خودی عەبادی".



PM:12:38:30/09/2016