لایەنە بەشداربووەکانی حکومەتی هەرێم پشتگیری سیاسەتی حکومەت دەکەن لەچارسەرکردنی قەیرانەکان

بەپێچەوانەی ئەوەی سەرکردایەتی و پەرلەمانتاران هەرسێ لایەنی یەکێتی و یەکگرتوو وکۆمەڵی ئیسلامی لەمیدیاکانەوە دەیڵێن، دوێنێ ئەو سێ لایەنە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا پشتگیری خۆیان بۆ سیاسەتی حکومەت لە چارەسەرکردنی قەیرانەکانی هەرێمدا دووپاتکردەوە.

لە کۆبوونەوەی ٩/٢٩ ئەنجومەنی وەزیران کە سەرجەم وەزیرەکان بە جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیرەکانی یەکگرتوو و کۆمەڵی ئیسلامی بەشداربوون، پشتگیری خۆیان راگەیاندووە بۆ سیاسەتی حکومەت بۆ رزگاربوون لەو قەیرانەی هەرێم پیایدا گوزەر دەکات.
لەو راگەیاندنەدا کە لەماڵپەڕی حکومەتی هەرێم بڵاوکراوەتەوە هاتووە" لە كۆبوونەوەكەدا هەریەك لە وەزیرە بەڕێزەكانی لایەنە بەشدارەكانی حكوومەت، جەختیان لە پشتگیریی لایەنەكانیان بۆ هەوڵەكانی حكوومەت لەپێناو چارەسەركردن و تێپەڕاندنی قەیرانەكان كردەوە و ڕایانگەیاند كە بە هەموو شێوەیەك خۆیان و وەزارەتەكانیان پشتگیریی پلانەكانی حكوومەت بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكان دەكەن، وەك ئەركێكیش هەموو هەوڵێكی خۆیان بۆ جێبەجێكردنیان دەخەنە گەڕ".

لەدوای پەکخستنی پەرلەمان و دەرکردنی وەزیرەکانی گۆڕانەوە، بەرپرسان و پەرلەمانتارانی یەکێتی و یەکگرتوو و کۆمەڵ وەک ئۆپۆزسیۆن لەمیدکاندا هێرشدەکەنە سەر حکومەت، ئەمەش بۆتە مایەی پرسیار لەلای وەرگری ئەو میدیایانەو لەناو چادێرانیشدا بە سیاسەتێکی دووفاقی تۆمەتبار دەکرێن.



PM:07:47:30/09/2016