تا کۆسرەت رەسوڵ نەگەڕێتەوە، "ناوەندی بڕیار" هەڵوێستی خۆی لەسەر کۆبوونەوەی سەرکردایەتی ئاشکرا ناکات

دوێنێ باڵی " زۆرینە " بڕیاری دا رۆژی ١٠/١٥ کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی سازبکرێت، " ناوەندی بڕیار" چاوەڕوانی گەڕانەوەی کۆسرەت رەسوڵ دەکەن لەدەرەوەی ولآت تا هەڵوێستی خۆیان ئاشکرا بکەن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە باڵی " ناوەندی بڕیاری " یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر ئەو بڕیارەی باڵی " زۆرینە " کە دوێنی دەریکردو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە رۆژی ١٠/١٥ کۆبوونەوەی سەرکردایەتییە، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە کۆسرەت رەسوڵ جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەکارێکی تایبەت و سەردانێکی کورت سەفەری کردووە بۆ ولآتی بەریتانیاو لەگەڵ گەڕانەوەی ئەودا "ناوەندی بڕیار" هەڵوێستی خۆی ئاشکرا دەکات.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە کۆسرەت رەسوڵ بەهۆی نەخۆشی هاوسەرەکەیەوە چۆتە ولآتای بەریتانیاو چەند رۆژێکی کەمی پێدەچێت و دەگەڕێتەوە کوردستان.

دوێنێ ١٠/٣ باڵی " زۆرینە" لە کۆبوونەوەیەکی خۆیدا بڕیاری دا رۆژی ١٠/١٥ کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی سازبکرێت کە شەش مانگە کۆنەبۆتەوە.

ئەو کۆبوونەوەیەی باڵی " زۆرینە " دووەم کۆبوونەوەی ئەو باڵە بوو دوای راگەیاندنی بەیاننامەی باڵی " ناوەندی بڕیار " دوو مانگ لەمەوبەر.


 


AM:10:57:04/10/2016