" عێراق مووچەی شەش مانگی پێشمەرگە دەدات"

بەرپرسێکی باڵای دەوڵەتی یاسا ئاشکرای دەکات حکومەتی عێراق رازی بووە موچەی ٦ مانگی پێشمەرگە بدات.

مۆفەق روبێعی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە سەردەمی مالکی بە ماڵپەڕی دوا رۆژی راگەیاندووە" حکومەتی عێراق رازی بووە موچەی ٦ مانگی پێشمەرگە بدات، بەو مەرجەی لەو ناوچانە بکشێتەوە کە لە پرۆسەی گرتنەوەی موسڵدا رزگاریان دەکات".

مۆفەق روبێعی کە یەکێکە لە سەرکردە باڵاکانی دەوڵەتی یاسا لەدرێژەی لێدوانەکەیدا دەڵێت"  بە پێی رێککەوتنی نێوان مەسعود بارزانی و حەیدەر عەبادی، لە سەر پرۆسەی گرتنەوەی موسڵ، پێشمەرگە لەو شوێنانە دەکشێنەوە کە رزگاریان دەکەن، لە بەرامبەریشدا حکومەتی عێراق موچەی شەش مانگی پێشمەرگە دەدات کە بڕکەی ٤٥٠ ملیۆن دینارە".

ئەو بەرپرسەی لیستەکەی مالکی دەڵێت" هەر بە گوێرەی ئەو رێکەوتنەی سەبارەت بە پرۆسەی گرتنەوەی موسڵ لە نێوان بارزانی و عەبادیدا ئەنجام دراوە، سوپای عێراق دەتوانێت بە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستاندا بڵاوەی پێبکرێت، بۆ ئەوەی سەرکەوتنەکان گەرەنتی بکرێن".

مۆفەق روبێعی هێمای بۆ ئەوەش کردووە، کە بارزانی بەوە رازی بووە کە ئەرکەکانی پێشمەرگە دیاریکراوبن و بە پێی رێککەوتنەکە جموجوڵەکانیان رێکبخەن.



PM:03:38:04/10/2016