باڵی ناوەندی بڕیار هۆشداری دەدات

باڵی ناوەندی بڕیاری یەکێتی هۆشداری دوولەتبوونی یەکێتی دەدەن و سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی دوێنێی باڵی زۆرینەی مەکتەبی سیاسیی کە بە ناوی هەموو مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کۆبوونەوەیان کرد ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە
باڵی ناوەندی بڕیار ڕایگەیاند"چاوەڕوان نەدەکرا لەم دۆخە ھەستیارەی ناوخۆی یەکێتییدا، ھەوڵی ئەوە بدرێت کۆبونەوە بەناوی مەکتەبی سیاسی بەبێ ئامادەبونی جێگرانی سکرتێری گشتی و ژمارەیەک لەھەڤاڵانی مەکتەبی سیاسی ئەنجامبدرێت".
هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە "راستە ئیرادەیەکی خۆسەپێن، بێ رەچاوکردنی بنەما دەستوریەکانی یەکێتی و بۆ مەبەستی پەردەپۆشکردنی کێشە ناوخۆیەکان و نواندنی خەمساردی سەبارەت بەکێشە سەختەکانی کوردستان، کۆبونەوەیەکی بڕیار پێنەدراو ئەنجامبدەن و دور لەھەر بەرپرسیارێتیەک، یەکێتیەکەتان، حزبی شەھیدان و چەپکە گوڵەکەی جەنابی مام جەلال بەرەو دوو لەتبونی مسۆگەر تاوبدەن".

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بخوێنەرەوە
ھەڤاڵانی یەکێتی

پیشمەرگە قارەمانەکان

چاوەڕوان نەدەکرا لەم دۆخە ھەستیارەی ناوخۆی یەکێتییدا، ھەوڵی ئەوە بدرێت کۆبونەوە بەناوی مەکتەبی سیاسی بەبێ ئامادەبونی جێگرانی سکرتێری گشتی و ژمارەیەک لەھەڤاڵانی مەکتەبی سیاسی ئەنجامبدرێت، کەببێتە ھۆکارێک بۆ زیاتر لەیەکترازان و پەرتەوازەکردنی ریزەکانی یەکێتی.

کەچی بەداخەوە بەدەر لەچاوەڕوانی جەماوەری یەکێتی و بێگوێدانە پرەنسیپ و بنەمای کارکردنی حزبیانە، بگرە بەپێشلکردنی پەیڕەوی ناوخۆش پەنایان بۆ کۆبوونەوەیەکی ناوەختی بەناو مەکتەبی سیاسی برد.

جەماوەری سەربەرزی یەکێتی

کەسوکاری شه‌ھیدان، پیشمەرگە و ریکخستنە دیرینەکان، زیندانیانی سیاسی، ریکخستنەکانی دەروە

ئایا راستە ئیرادەیەکی خۆسەپێن، بێ رەچاوکردنی بنەما دەستوریەکانی یەکێتی و بۆ مەبەستی پەردەپۆشکردنی کێشە ناوخۆیەکان و نواندنی خەمساردی سەبارەت بەکێشە سەختەکانی کوردستان، کۆبونەوەیەکی بڕیار پێنەدراو ئەنجامبدەن و دور لەھەر بەرپرسیارێتیەک، یەکێتیەکەتان، حزبی شەھیدان و چەپکە گوڵەکەی جەنابی مام جەلال بەرەو دوو لەتبونی مسۆگەر تاوبدەن و بگرە زیاتر یەکێتیەکەمان بگلێننە سیاسەتە ھەڵەکانی رابردوو کە قەیران لەدوای قەیران و بڕینی مووچەو بارقورسی بژێوی ھاووڵاتیانی لێ کۆتۆتەوە.

بۆیە لێرەوە دوپاتی دەکەینەوە کەئێوە بەم ھەنگاوە تاکلایەنە دەتانەوێت یەکێتی بەرەو پەراوێزخستن و  پەرتەوازەیی زیاتر ببەن. خۆتان لەچارەسەری راستەقینەی کێشەکان بدزنەوە، کەخواستی ھەموو یەکێتیەکانە و دەرگاکانی گفتوگۆو رێکەوتن دابخەن.
وتەبیژی ناوەندی بریاری یەکیتی نیشتمانی کوردستان



PM:08:06:04/10/2016