قەیرانێکی دیکە لە هەرێمی کوردستان سەرهەڵدەدات

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم باس لە دروست بوونی قەیرانێکی دیکە لەهەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت "راشكاوانە دەڵێم گرفتمان لەڕووی دەرمانەوە هەیە، لەبەرئەوەی لەئێستادا دۆخی هەرێمی كوردستان بەكۆمەڵێك قەیراندا تێپەڕدەبێت، لەهەمانكاتیشدا ئەو بڕە دەرمانەی لەلایەن بەغداوە بۆمان دێت بەشی پێداویستییەكانی خۆمان ناكات".

لە لێدوانێکیدا بۆ ڕادیۆی نەوا دکتۆر خاڵس قادر قادر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند دەڵێت "ئەوان 55% پێداویستی پزیشكیمان بۆ دەنێرن كە خۆی دەبێت 100% بێت، بۆیە ئەو بڕەی ئەوان بەشی پێداویستیەكانمان ناكات و خۆمان دەبێت 45% دابین بكەین، دابینكردنی پێداویستی دەرمانیش لەلایەن بەغداوە لەچوارچێوەی بودجەی حاكیمەدایە كە بۆ هەرێمی كوردستان دابینكراوە، بەپێی ئەو بڕیارەش دەبێت حكومەتی عیراق هەموو پێَداویستییە پزیشكییەكان وەك پارێزگاكانی دیكەی عیراق بۆ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیش دابین بكات".
هەروەها ڕاشیگەیاندووە " حكومەتی عیراق ناڵێت ئەو بڕە نانێرم، بەڵام دەڵێت ناتوانین بۆ پارێزگاكانی دیكەش 100% پێداویستییە پزیشكییەكان دابین بكەین، ئەگەرنا پێویستە 100% بەغدا پێداویستی پزیشكی بۆ هەرێم دابین بكات".



PM:07:59:10/10/2016