فراکسیۆنی پارتی لە بەیانێکی ٣١١ وشەیدا پێنج جار هێرشدەکاتە سەر د.یوسف محەمەد

لە راگەیاندراوێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان کە ٣١١ وشەیە ٥ جار ناوی د. یوسف محەمەد هاتووەو هێرشکراوەتە سەری.

لەو راگەیەندراوەدا کە ئەمشە ١٠/١٢ بە بۆنەی پەکخستنی پەرلەمانەوە دەرچوو، جارێک یوسف محەمەد بە تێکدەری تەوافق و جارێکی تر بە گوێزەرەوەی شەڕو توندوتیژی بۆ هەولێر و، جارێکی تر بە سەرۆ ناوزەدی دەکەن.
ئەمە لەکاتێکدایە کە لیستەکانی تر بەپێی ئەو راگەیاندانەی لە ساڵیادی پەکخستنی پەرلەمان بڵاویان کردەوە، پلان دادەرێژن بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان.
  
ڕاگەیێندراوێك لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان

جەماوەری خۆشەویستی كوردستان
ساڵێك بەر لە ئێستا لەپێناو پاراستنی ئاساییش و سەقامگیریی كوردستان و ڕێگەگرتن لە گواستنەوەی فەوزا و پشێوی، ڕێگە بە یوسف محەمەد نەدرا كە بێتە شاری هەولێر و دواتریش وەزیرەكانی بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر كار لا دران.
ئەو ڕووداوە لە دەرئەنجامی ڕەفتار و هەڵسوكەوتی نابەرپرسیارانەی سەرۆكی ئەو كاتی پارلەمان بوو. لەبری ئەوەی پارلەمان شوێنی چارەسەركردنی گرفتە سیاسییەكان و یاسادانان و بەرگریكردن لە داواكارییەكانی خەڵك بێت، یوسف محەمەد و حزبەكەی پارلەمانیان كردە شوێنی تێكدانی تەوافوق و دروستكردنی كێشە و پیلانگێڕی لەدژی سەقامگیریی وڵات و بەلاڕێدابردنی پڕۆسەی سیاسی و كاریان بۆ دوژمنكاریی سیاسی كرد. لە هەمانكاتدا فڕاكسیۆنەكەمان لە هەوڵی بەردەوامدابوو كە یەكڕیزیی نیشتیمانی بپارێزرێت و ئەو تەوافوقە تێكنەدرێت كە حكوومەت و پارلەمانی لەسەر دامەزرابوو.
تێكدانی تەوافوق و پیلانگێڕی لەدژی یەكڕیزیی نیشتیمانی لەكاتێكدابوو كە كوردستان بە درێژایی 1050 كیلۆمەتر لەگەڵ دڕندەترین ڕێكخراوی تیرۆریستی لە شەڕی مان و نەماندابوو. بەڵام ئەوان بێ ئەوەی قوربانیدانی پێشمەرگە و بارودۆخی هەستیاری كوردستان لەبەرچاو بگرن پەلاماری بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستانیان دا و هاووڵاتیی بێتاوانیان شەهید كرد، بۆیە دەبێ باجی تاوانەكانیان بدەن. یوسف محەمەد و حزبەكەی دەیانەویست فەوزا و سووتاندن و كوشتنی خەڵك بگوازنەوە بۆ هەولێر بۆیە ڕێگەی لێ گیرا و پیلانەكانیان سەری نەگرت.
ئێستا كە ساڵێك بەسەر ئەو ڕووداوە تێپەڕیوە ئەوانەی فرمێسكی تیمساح بۆ پارلەمان دەڕێژن با گلەیی لە خۆیان و جۆری بیركردنەوەی سیاسیی خۆیان و كۆدەتاكەیان بكەن كە پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستانیان بەم ڕۆژە گەیاند و چیتر بە بیانووی جۆراوجۆر و قسەی بێبنەما پاساو بۆ هەڵە سیاسییەكانیان نەهێننەوە. دەبێ یوسف محەمەد و فڕاكسیۆنی گۆڕان دان بەوەدا بنێن كە سەرەڕۆیانە پیرۆزیی پارلەمانیان پێشێل كرد و یوسف محەمەدیش نەیتوانی ببێتە سەرۆكێكی بێلایەنی پارلەمان بەڵكو بووە سەرچاوەی ئاشوب و فیتنەگێڕی. ئەو كە بە تەوافوق و بە دەنگی فڕاكسیۆنەكەمان بووە سەرۆكی پارلەمان لەجیاتی ئەوەی نوێنەرایەتیی هەموو لایەنەكان بكات بووە ئامرازێك بۆ جێبەجێكردنی مەرام و پیلانێكی مەترسیدار.
ڕێگەچارەی كاراكردنەوەی پارلەمانیش ئەوەیە كە سەرۆكایەتییەكی تازە بۆ پارلەمان هەڵبژێردرێت و پارلەمان ببێتە پارلەمانی كوردستان و مەرجەعی چارەسەركردنی كێشەكان.
فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان
لە پارلەمانی كوردستان
12ـی 10ـی 2016



PM:10:08:12/10/2016