لیژنەی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە مووچە یەکەم کۆبوونەوە دەکات

لیژنە پەرلەمانیەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی تایبەت بە موچەی هەرێمی کوردستان هەفتەی داهاتو یەکەم کۆبونەوە ساز دەکات و لەو کۆبونەوەیەدا ئالیەت و پلانی کاری لیژنەکە دادەڕێژرێت.

هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی ئەو لیژنەیە و خاوەنی پڕۆژەکە ڕایگەیاند لە یەکەم دانیشتندا وردەکاری کار و هەنگاوەکانی لیژنەکە دیاری دەکرێت و لیژنەکە بڕیاری ئەوە ئەدات لە گەڵ کام وەزارەت و کام لیژنەی پەرلەمانی کۆدەبینەوە یاخود سەردانی کام دامەزراوانەی هەرێم دەکرێت .

هۆشیار عەبدوڵا وتی ؛ بەڕای ئێمە پیویستە ئەو لیژنە پەرلەمانیە ئیعتماد بکاتە سەر لیژنە تایبەتمەندەکانی نەوت ودارایی پەرلەمانی کوردستان و زانیاریە گرنگەکان لەو دوو لیژنەیە وەربگرێت، هەروەک ڕایگەیاند زانیاریەکانی وەزیری دارایی هەرێم بە سود دەبن بۆیان.

دەربارەی ئەو زانیاریانەی کە گرنگن بۆ کاری لیژنەکە هۆشیار عەبدوڵا ئاشکرایکرد ؛  ئەوەی پەیوەندی بە هەرێمەوە هەیە گرنگە دوو داتا لامان ڕون بیت یەکەمیان ڕێژەی ئەو نەوتەی بە قاچاخ ئەفرۆشرێ چونکە ئەو نەوتەی بە بۆڕی ئەفرۆشرێت داتاکانمان لایە ، هەروەها داهاتی ناوخۆ چەندە و چی لێدەکرێت بەو پێیەی گەندەڵی و ناشەفافیەتێکی زۆر لەو بوارەدا هەیە و  زۆربەی ئەو داهاتە ناچێتەوە ناو داهاتی حکومەت بەڵکو حزبە دەسەڵاتدارەکان خۆیان بەکاری دەهێنن.

دەربارەی لایەنی عێراقیش هۆشیار عەبدوڵا ڕایگەیاند ، عێراق نسبەتێکی دیاری لە پارەی یەدەگ ڕاکێشاوە و نسبەتی لە سەدا حەڤدەی دەبێت بۆ هەرێم بێت داوای ئاشکراکردنی بڕی ڕاکێشرا و پشکی کوردستان لە یەدەگی بەکارهێنراو دەکەین .

ئەو پەرلەمانتارە وتی؛ ئەوەی زۆر گرنگ و ستراتیژیە لە کاری ئەو لیژنەیەدا ئەوەیە هەردوو حکومەت بگەیەنێتە ڕێکەوتنێک و ڕێکەوتنەکە بکرێتە یاسا و هەدولا پابەند بکات پێیەوە بە جۆرێک کۆتایی بهێنێت بە کێشە و موعاناتی خەڵکی هەرێم کە بە هۆی بێموچەییەوە توشی بوە .



AM:09:44:14/10/2016