شاناز ئیبراهیم بەبێ ناوهێنانی باڵی کۆسرەت رەسوڵ
دەڵێت: گرووپێک لەناوخۆماندا بەرەو پارتی دەچن

لە نووسینێکدا شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندیەکانی دەرەوەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بەبێ ناوهێنانی باڵی کۆسرەت رەسوڵ، دەڵێت" گرووپێک لەناوخۆماندا بەرەو پارتی دەچن".

لەو نووسینەدا کە لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەسیبووک بڵاوکراوەتەوەو تایبەتە بە پەکخستنی پەرلەمانی کوردستان و بەناونیشنانی " لە ساڵیادی کۆچی دووایی پەرلەماندا دەڵێت" "جێی داخە كە لە ساڵیادی كۆچی دووایی پەرلەماندا تەنانەت یەك چڵە گوڵیشمان لە دێگەڵە دانەنا و تازە بەتازە گرۆپێك لەناوخۆماندا بەرەو پارتی بوون دەچن".

لەو نووسینەدا کە لەکاتێکدایە ناکۆکییەکانی ناو یەکێتی لەو پەڕی تووندبوونەوەدایە، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەڵێت" وا ساڵێك تێپەری بەسەر زیندەبەچاڵكردنی پەرلەماندا و وەك بیرتان بێت بۆ چەندین مانگ سەرقاڵی كۆرو كۆبوونەوە و سازان و دانانی لیژان و ڕەواندنەوەی نیگەرانیەكانی یەكتریان كردین و لەو ماوەیەشدا پەنا برایە بەر برسی كردنی خەڵك و تۆقاندن و تۆمەت هەڵبەستن و هەڵگرتنی دروشمی سەیروسەمەری وەك "مادام خەیارو تەماتەمان هەیە واتە سەربەخۆیی رادەگەیێنین” و "كات كاتی ریفراندۆمە” و ” بەغدامان تەلاق داوە” و هتد".

دەقی تەواوی نوسینەكەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد:
لە ساڵیادی كۆچی دووایی پەرلەماندا!
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
وا ساڵێك تێپەری بەسەر زیندەبەچاڵكردنی پەرلەماندا و وەك بیرتان بێت بۆ چەندین مانگ سەرقاڵی كۆرو كۆبوونەوە و سازان و دانانی لیژان و ڕەواندنەوەی نیگەرانیەكانی یەكتریان كردین و لەو ماوەیەشدا پەنا برایە بەر برسی كردنی خەڵك و تۆقاندن و تۆمەت هەڵبەستن و هەڵگرتنی دروشمی سەیروسەمەری وەك "مادام خەیارو تەماتەمان هەیە واتە سەربەخۆیی رادەگەیێنین” و "كات كاتی ریفراندۆمە” و ” بەغدامان تەلاق داوە” و هتد.
ئەو كات ئەوانەی كە رەخنەیان لە بێ هەڵوێستی ئەم و ئەو دەگرت بە تێكدەر و دژ بە سەربەخۆ بوونی كوردستان لە قەڵەم دران، دەفەرمون، ئێستا ئەوەی ناوی لە كولەكەی تەڕیشدا نەماوە پەرلەمانە و كورسیەكە وەك هەشتەمین عاجباتیەكانی دونیا تەماشا دەكرێت و وەزیرە كاتیە دووبارەكان وەك لادانە كاتیەكانی كۆڵان و شەقامەكان بوونەتە هەمیشەیی!! شەنگال بووە بە مێژو، و كیژۆڵە ئیزدیەكان تەنیا لە شیعرو هۆنراوەدا ئاماژەیان پێ دەدرێت و خەندەقەكان سەپێنران و كۆبانێ كراوەتە هەبوو نەبوو! و باكور فرۆشراوە و كوردستان خراوەتە ژێر پۆستاڵی جەندرمەی توركەوە و پككە پێی دەوترێ تیروریست و توركی شاخستانی و داوای لێ دەكرێت كوردستان جێ بهێڵێت و دەعبا پێپانەكەش ناوی نەما …
ئێستا وا باوو باووی رزگار كردنی موسڵ و جەماعەتی ٣٢ی ئابە!!
نە كەس باس لەو غورفەی عەمەلیاتە دەكات كە یەك لایەنە دانراوە و نە كەس لەو هەموو چەكە قورسە دەپرسێتەوە كە تەنیا لایەنێك تەحەكومی پێوە دەكات و سبەی لە دژی میللەتەكەمان بەكار دێت و نە كەس فڕی بەو رێكەوتنامانەوە هەیە كە لە پشتی پەردەوە واژو دەكرێن!!
جێی داخە كە لە ساڵیادی كۆچی دووایی پەرلەماندا تەنانەت یەك چڵە گوڵیشمان لە دێگەڵە دانەنا و تازە بەتازە گرۆپێك لەناوخۆماندا بەرەو پارتی بوون دەچن…



AM:09:33:15/10/2016