بەپەلە.. كۆسرەت رەسوڵ هۆشداری دەدات

جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی، هۆشداریی دەدات لە دۆخی شێواندن و لاوازكردنی یەكێتی و رایدەگەیەنێت: "لەمەودوا ناچارن بۆ دەربازكردنی یەكێتی لەو گێژەنگەو لە حاڵی لاوازی و بێ توانایی هەنگاوی پێویست بنێین".

لە راگەیەنراوێكدا کە بەناوی سكرتێری رۆژنامەڤانی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی رۆژی شەممە 15-10-2016 بڵاوکرایەوە،  بەگوێرەی ماددەی (27) بڕگەی حەوتەم لە پەیڕەوی ناوخۆ ئەبێت سكرتێری گشتی "ی.ن.ك" خۆی سەرۆكایەتی كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی بكات و ئەگەر بەهەر هۆیەك سكرتێری گشتی نەیتوانی سەركردایەتی كۆبوونەوەكەو گفتوگۆكانی بكات ئەوا بەپێی مادەی 28 بڕگەی یەكەم و دووەم لە پەیڕەوی ناوخۆ تەنها ئەو دەسەڵاتە دراوەتە جێگری سكرتێری گشتی.

ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی رۆژی شەممە 15-10-2016 لە سلێمانی کۆبوونەوە 33 ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی، بەشداریی کۆبوونەوەکەیان کردووە و لە بەرامبەردا 18 ئەندام کە ناوەندی بڕیاری یەکێتییان پێکهێناوە بەشداریی کۆبوونەوەکەیان نەکردووە.


دەقی راگەیەنراوەكە:
جەماوەری دڵسۆزی یەكێتی
كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان
تێكۆشەرانی رێبازی یەكێتی و جەنابی مام جەلال

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی دەبێ بەسەرپەرشتی بەڕێز سكرتێری گشتی بێت و، ئێستاش بەهۆی نەخۆشی جەنابی مام جەلالەوە، دەبێ بەسەرپەرشتی بەڕێز جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی بێت، بەڵام بەداخەوە ئەو هەڤاڵانە گوێیان بە ئاگاداركردنەوەی ئێمە نەدا، و پەیڕەوی ناوخۆیان پێشێل كرد و لە پڕەنسیپی حزبی لایاندا.

 بەگوێرەی ماددەی (27) بڕگەی حەوتەم لە پەیڕەوی ناوخۆ ئەبێت سكرتێری گشتی "ی.ن.ك" خۆی سەرۆكایەتی كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی بكات و ئەگەر بەهەر هۆیەك سكرتێری گشتی نەیتوانی سەركردایەتی كۆبوونەوەكەو گفتوگۆكانی بكات ئەوا بەپێی مادەی 28 بڕگەی یەكەم و دووەم لە پەیڕەوی ناوخۆ تەنها ئەو دەسەڵاتە دراوەتە جێگری سكرتێری گشتی بۆ سەرپەرشتی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی و راپەڕاندنی ئەركەكانی سكرتێری گشتی.

واتە لەكاتی ئێستای "ی.ن.ك" ئەو دوو ماددەیەی پەیڕەوی ناوخۆ سەرپەرشتی كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی بە جێگری سكرتێر سپاردووەو ئەم دەسەڵاتەی نەداوەتە هیچ كەسێكی تر.

خەمخۆرانی یەكێتی....

ئەو گیانە ناحزبییە دۆخی شێواندن و لاوازكردنی یەكێتی سازئەكا، بەڕێز جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی "ی.ن.ك" ئاگاداری هەموو لایەك بەتایبەتی دڵسۆزانی "ی.ن.ك" دەكاتەوە كە هوشیاربن لەو ئاراستەیەی كە دەبنە هۆی لێكترازان، ئۆباڵەكەشی دەخەینە ئەستۆی ئەنجامدەرانی ئەم كۆبوونەوەیە.

لەمەودوا بەڕێز جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی و هەڤاڵانی، لە دڵسۆزی بۆ "ی.ن.ك" و داهاتووی ناچارن بۆ دەربازكردنی یەكێتی لەو گێژەنگەو لە حاڵی لاوازی و بێ توانایی هەنگاوی پێویست بنێین بۆ ئەوەی یەكێتی وەك هەمیشە بتوانێ‌ بە رۆڵی خۆی هەڵسێ لە چارەسەركردنی كێشەكانی كوردستان، هەم لەرووی ژیان و گوزەرانی خەڵك و هەم بۆ چاكسازی لە سیستەمی فەرمانڕەواییدا.

سكرتێری رۆژنامەوانی
جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی
یەكێتی نیشتمانی كوردستان
15/10/2016



PM:02:16:15/10/2016