ئەندامەكەی گۆڕان لەلیژنەی بەدواداچوونی موچەی فەرمانبەرانی سلێمانی دەستی لەكاركێشایەوە

بەهۆی دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی گۆڕان لەلیژنەی بەدواداچوونی موچەی فەرمانبەران‌و داهاتی پارێزگای سلێمانی، لیژنەكە كارەكانی راگرت.

سەبارەت بە هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەكەی، رێبوار ئەحمەد مەولود لە فراكسیۆنی گۆڕان و یەكێك لە سێ ئەندامەكەی لیژنەكەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بۆ رادیۆ نەوا وتی "نوسراوم ئاڕاستەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كرد بەمەبەستی هەڵپەساردنی كارەكانی ئەو لیژنە سێ كەسییە، لەبەرئەوەی ئەو لیژنەیە ناتوانێت بەسێ كەس كارەكانی بكات، چونكە خۆتان دەزانن بابەتی داهات كێشمەكێشی زۆر لەسەرە و بەسێ كەس ناتوانرێت كاری باشی تێدا بكرێت، دواتر داوام كردوە لیژنەیەكی فراوانتری بۆ دروستبكرێت كە ئەندامەكانی لە 7-9 كەس پێكبێت".

رێبوار ئەحمەد مەولود ئاماژە بەوەش دەكات، لە لیژینەی سێ كەسیدا ئاسانتر دەتوانرێت هەلەكان بقۆزرێنەوە، بەڵام لە لیژنەی فراوانتری 7 كەسیدا ناتوانرێت بەو ئاسانییە بێت، وتیشی "ئەو بابەتانە پێویستیشیان بە دەنگدانە، جا بەسێ كەس دەنگدان ئەو سودەی نابێت، بەڵام لە لیژنەیەكی فراواندا كە لیژنە پەیوەندیدارەكانی دیكەش تێیدا بەشداربن، باشتر دەتوانرێت كارەكان بكرێت".

هەروەها وتی "سبەینێ (سێشەممە 18/10) كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەكرێت، دیارە پاش كۆبونەوەكە قسە لەسەر پێكهێنانی ئەو لیژنە فراوانە دەكرێت، بۆیە پێدەچێت لەماوەی هەفتەیەكدا ئەو لیژنەیە دروست بكرێت و دەستیش بەكارەكانی خۆی بكات".



PM:03:52:17/10/2016