سپی زانیاریی ورد لەسەر برینداربوونی شاڵاو كۆسرەت بڵاودەكاتەوە

شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ كە لە رێگای تەقینەوەی بۆمبی چێنراوەوە برینداربوو، جگە لەدەموچاوی، سنگ‌و شانیشی برینداربووە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە سپی رایگەیاند "شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی كە ئەمرۆ لەبەرەی شەڕ لە میحوەی خازر برینداربوو، جگە لەوەی سنگ‌و شان‌و دەموچاوی بەسووكی بریندارن، هاوكات لەكاتی رووداوەكەدا كەمێك خوێنی لوتیشی بەربووە".

سەرچاوەكە وتی "لەبەر بەربوونی خوێنی لوتی بەپەلە گەیەنراوەتەوە نەخۆشخانەی هەولێر، چونكە مەترسی ئەوەیان هەبووەكە توشی خوێن لەبەرۆیشتنی داخلی بووبێت".

بەڵام سەرچاوەكە وتی "پاش ئەوەی گەیەنراوەتە نەخۆشخانە، تەندروستی باشە‌و جگە لەو برینانەی پێوەیەتی ئەو خوێنەی لێی رۆیشتووە، خوێن لەبەر رۆیشتی داخلی نەبووە‌و هیچ مەترسی لەسەر ژیانی نیە".

پێش نیوەرۆی ئەمرۆ شاڵاوی كۆسرەت رەسوڵ، كوڕی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتی، بەهۆی تەقینەوەی مینەوە لە میحوەری خازر برینداربوو، هاوكات دوو پێشمەرگەش لەگەڵیدا شەهید بوون و چەند پێشمەرگەیەكی دیكەش برینداربوون.



PM:05:22:17/10/2016