چاودێرێک: ئەم هێزەی داعش چۆن گەیشتە ناو کەرکوک؟

لەگەڵ نزیکبوونەوە لە کۆنترۆڵکردنی هێرشی خۆکوژی چەکدارەکانی داعش بۆ سەر شاری کەرکوک، چاودێرێکی سیاسی دەپرسێت" چۆن ئەو ‌هێزەی پۆشتەو پەرداخە پڕچەکەی داعش هاتۆتە ناو شاری کەرکوک".

ئەو چادێرە ئەمنییە نیشانەی پرسیار لەسەر ئەو هێزە ئەمنییە زۆرەی لە شاری کەرکوکدایە دروستدەکات و دەڵێت" گەیشتنی ئەو هێزەی داعش بە شاری کەرکوک پرسیاری گەورە لە سەر کارو ئەدای ئەو هێزە ئەمنیانەی کەرکوک لە ئاسایش و زانیاری و پاراستن و دژەتیرۆر و پۆلیس و هەموو هێزەکانی تری ناو ئەو شارەو ئیدارەکەی دروستدەکات".

چاودێرە ئەمنییەکە دەپرسێت ئەو " هێزە پۆشتەیە کە جلوبەرگی تەواوی سەربازی داعش و چەکی قەناس و چەکی تر و پشتێنی بۆمبڕێژکراو و خەڵکانی ریش درێژو قژدرێژبوون، بەو ژمارە بەرچاوە، چۆن گەیشتوونەتە ناو کەرکوک؟".
 
ئەو چاودێرە دوو ئەگەر دەخاتە روو کە هەردووکیان ئاماژەن بۆ لاوازی هێزە ئەمنییەکان و ئیدارەی پارێزگاکە، یەکەمیان ئەگەری ئەوە لە ئارادایە، ئەو چەکدارانەی لەو سنورانەی کەرکوکەوە لەگەڵ ناوچەکانی حەویجەدا هەیەتی، داعش دزەیان کردبێتە نێو شارەکەوە"
ئەگەری دووەمیش، ئەو چاودێرە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە رەنگە رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی "مۆڵگەیەکی پارێزراو و جبەخانه لەناو کەرکوک دا هەبێت و ماوەیەکی زۆرە کار بۆ ئەم هێرشانەی کردبێت و نەخشەیان بۆ دانابێت؟".

سەرچاوە پسپۆرە ئەمنییەکەی سپی داوا دەکات ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و حکومەتی هەرێم و حکومەتی بەغداو خەڵکی شارەکە هەروا لەم " خەرقە " ئەمنییە بێدەنگ نەبن و، داوای وەڵام و لێپرسینەوە لە بەرپرسانی کەمتەرخەم بکەن. 



PM:12:15:21/10/2016