پارتی لەسەر ئەم ڤیدیۆییە هۆشداری دەداتە گۆڕان

پەرلەمانتارێكی پارتی سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی گرتەیەكی ڤیدیۆیی، بزوتنەوەی گۆڕان ئاگادار دەكاتەوە كە "واز لە دروستكردنی سیناریۆ" بهێنن.

پاش ئەوەی گرتەیەكی ڤیدیۆیی لە پەیجی عەبدوڵا كوێخا موبارەك ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان ‌و ژمارەیەك لایەنگری بزوتنەوەی گۆڕان بڵاوكرایەوە كە تێیدا دیلێكی داعش باس لەوە دەكات لە رێگای لایەنگرانی پارتییەوە هاتووەتە ناو شاری كەركوك، نازم هەركی  ئەندامی لێژنەی ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئاگاداری بزووتنەوەی گۆڕان دەکەینەوە کە واز لە دروستکردنی سیناریۆ و ساردکردنەوەی خەڵک بهێنن لە بەرەکانی جەنگ، ئەوەی گۆڕان وەک یاریی سیاسی کاری لەسەر دەکات، ئێمە وەک خیانەت و چەقۆ لەپشتدانی پێشمەرگە لێکدانەوەی بۆ دەکەین”. دووپاتیشی کردەوە: "ئاگاداری خەڵکی کوردستان دەکەینەوە کە گرووپێکی گۆڕان سیناریۆیەکیان دروستکردووە، گوایە چەکدارێکی داعشیان گرتووە و ئەویش باسی لەوە کردووە کە لە رێگای لایەنگرانی پارتییەە هاتووەتە کەرکووک، لە کاتێکدا ئاگاداری هەموو خەڵکی کوردستان دەکەینەوە کە جگە لەوەی ئەوە یارییەکی دۆڕاوە، لەهەمان کاتدا دروستکردنی فیتنە و ناکۆکییە لەنێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بەرەکانی جەنگ، ئەو سیناریۆیە هاوشێوەی ئەو هەڵمەتە ڕاگەیاندنانەی بزووتنەوەی گۆڕانە کە بۆ ناشرینکردنی پێشمەرگە دەیکات، بۆیە ئەگەر ئەو گروپە لە بەرەکانی جەنگ دوور نەخرێنەوە، دوور نییە سیناریۆی دیکەش دروست بکرێت".

نازم هەرکی ئەوەشی ڕوون کردەوە: "ئەو کەسەی گرتوویانە، ناسنامەی دیار نییە و پێی دەڵێن داعش، هەر کەسێکی دیکەبێت، داعشێک بگرێت، یان کەسێکی دیکە بگرێت و وێنەی بگرێت و قسەی بخاتە سەر زاری و پارتی تۆمەتبار بکات، ئەوە زۆر ئاسانە بۆ هەموو لایەکی دیکە، هەمان ئەو سیناریۆیە بکات، بۆیە گرنگە ئاگاداری سەرجەم لایەنەکان بکرێتەوە کە بەکارهێنانی ئەو سیناریۆیە هەوڵێکی ترسناکە بۆ تێکدانی ڕەوشی ئەمنیی کوردستان".

ئەندامەکەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ئەوەی بۆ (باسنیوز) خستە ڕوو: "دەبێت لەسەر ئاستی باڵا لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر ئەو ڕووداوە بکرێت، دوای لێکۆڵینەوە، سەرجەم ئەو کەسانەی دەستیان لەو ڕووداوەدا هەبووە، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، جا لە هەر پلە و پۆستێکدا بن و لایەنگری هەر حزبێک بن، چونکە هەر ئەو گرووپە بوون کە ماوەیەک پێش ئێستا هەڕەشەی تەقاندنەوەی بۆڕیی نەوتی کوردستانیان کرد، دیارە ئەم سیناریۆیە ئەگەر پێی لەبەر نەگیرێت، شتی دیکەی بەدواوە دێت”.

لە کۆتاییشدا جەختی لەوە کردەوە کە ئەوەی کراوە، سووکایەتی کردنە بە خوێنی شەهیدان و بەئامانج گرتنی پارتی. دەشڵێت: "بە تایبەتی لەم کاتەدا کە دەیانەوێت سەقفی سیاسیی خۆیان یەکلا بەکەنەوە و وەک کارتی سیاسی و فشار بۆ سەر پارتی بەکاری بهێنن".

لەو تۆمارە ڤیدیۆییەدا کە مەحمود کوێخا موبارەک، برای عەبدوڵای کوێخا موبارەک، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، هەرچەندە پێشمەرگە نییە، لەنێو هەمەرێکی پێشمەرگەدا، بەهاوکاریی کەسێکی دیکە، لە دیلێکی داعش دەدەن و زانیاری لێ وەردەگرن، كە دیلەكەی داعش باس لە هاوكاریكردنی هێزەكان پارتی بۆ هاتنەناوەوەیان بۆ ناو شاری كەركوك دەكات.





PM:02:15:23/10/2016