رۆژنامەیەکی نزیک پارتی باڵی دەسترۆشتووی یەکێتی بە شاردنەوەی نەوتی کەرکوک تۆمەتبار دەکات

رۆژنامەیەکی نزیک پارتی باڵی دەسترۆشتووی ناو یەکێتی تۆمەتبار دەکات کە نەوتی کەرکوک دەشارێتەوەو بۆئەوەش رای وتبێژەکەی باڵی ناوەندی بڕیار، شاڵاو عەلی عەسکەریش دەڵێت" فرۆشتنی نەوتی كەركووك بە رێگەی تانكەرەوە، لیژنەی ناوێت، چونكە ئاشكرایە كێ‌ نەوتەكە دەفرۆشێت".

 رۆژنامەکە کە وێنەیەکی هێرۆ ئیبراهیم و نەجمەدین کەریمی بڵاوکردۆتەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات لە هەفتەی رابردوو ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانی، بەبێ‌ بەشداریكردنی ئەندامانی ناوەندی بڕیاری یەكێتیی نیشتمانی، كۆ بوونەوە و دواتر راگەیەنراوێكیان بڵاو كردەوە.

لەو راگەیەنراوەدا ئاماژە بە كاراكردنەوەی لیژنەیەكی تایبەت بە بەدواداچوونی دۆسیەی فرۆشتنی نەوت بە تانكەر بۆ ئێران كراوە، ئەوەش لەكاتێكدا دێت كە پاش راگەیاندنی ناوەندی بڕیار لە ئەیلوولی 2016دا، باڵی دەستڕۆیشتووی حزبەكەیان بە قۆرخكردنی دەسەڵات و داهاتی حزبەكە و تێوەگلان لە ئاودیوكردنی نەوت تۆمەتبار كرد و دواتر چەند بەڵگەنامەیەك بڵاو كرانەوە كە ئاماژە بە بردنی نەوتی كەركووك بە رێگەی تانكەرەوە بۆ ئێران دەدەن، لەكاتێكدا هیچ پارەیەكی نەوتەكە بۆ گەنجینەی حكوومەت و كارگێڕیی كەركووك ناگەڕێتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بەردەست ئەو رۆژنامەیەدان، ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی لە دوا كۆبوونەوەدا، لیژنەیەكی بە ئەندامێتی ڕەفعەت عەبدوڵا، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و ئەندامێكی دەستەی كارگێڕی لەگەڵ مەكتەب سیاسییەكی تر پێك هێناوە بۆ بەدواداچوون لەسەر فرۆشتنی نەوتی كەركووك لە ڕێگەی تانكەرەوە.

رەفعەت عەبدوڵا بەو رۆژنامەیەی راگەیاندووە "ئەو لیژنەیە بۆ ئەوە پێك نەهاتووە لێكۆڵینەوە لە نەوتی كەركووك بكەین، ئەو لیژنەیە تەنیا بۆ ئەوە پێك هاتووە دەڵێت هەندێك دەنگۆ هەیە لەسەر هەندێك هەڤاڵانی كەركووك، ئەم لیژنەیەمان داناوە بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە لەوبارەیەوە بكات و بە ڕاپۆرتێكی ورد ئاگادارمان بكاتەوە، باسی كەسی تێدا نییە".

وەك ناوەندی بڕیار ئاشكرای دەكەن، ئەوان پێشتریش ئاگاداری پێهێنانی ئەو لیژنەیە نەبوون، دووپاتی دەكەنەوە فرۆشتنی نەوتی كەركووك بە تانكەر پێویستی بە لیژنە نییە و ئاشكرایە كێ‌ ئەو كارە دەكات.

شاڵاو عەلی عەسكەری، وتەبێژی ناوەندی بڕیاری یەكێتی بە "وشە"ی ڕاگەیاندووە"  "نەوتی كەركووك كە بە تانكەر دەفرۆشرێت، دیارە پارێزگاری كەركووك ئاگادارە لەگەڵ ژمارەیەك مەكتەب سیاسیی یەكێتی كە ئێستە دەیانەوێت خۆیان بەسەر یەكێتیدا بسەپێنن".

باسی لەوەش كرد، "ئەو لیژنەیە بۆ شاردنەوەی ئەنجامدەرانی ئەو كارەیە"، چونكە وەك ئەو دەڵێت، "وەك ڕۆژی ڕووناك دیارە ئەو نەوتەی كەركووك كە بە تانكەر دەفرۆشرێت كێی لە پشتەوەیە".

عەسكەر زیاتر دەڵێ‌، "ئێمە متمانەمان بەو لیژنەیە نییە و دڵنیاشین كە وەك چۆن لە ماوەی ڕابردوودا هیچ ئەنجامێكی نەبووە، لە داهاتووشدا هیچ ئەنجامێكی نابێت".
رۆژنامەی وشەی نزیک پارتی هیچ ئاماژەیەکی بۆ ئەو نەوتە نەکردووە کە هاوشێوەی کەرکوک، بەرپرسانی پارتی لە کێڵگەکانی ( عەین زالە ) بە تانکەر نەوت دەفرۆشن.



AM:11:48:26/10/2016