فوئاد مەعسوم لەسەر قەدەغەکردنی "مەشروب" هاتە دەنگ

سەرۆک کۆماری عێراق لەسەر قەدەغەکردنی خواردنەوە کحولییەکان بۆچوونی خۆی دەبڕی و دەڵێت دەبێت پێداچوونەوەی تێدا بکرێت

بەپێی روونكردنەوەی نووسینگەی سەرۆك كۆماری عێراق، فوئاد مەعسوم، "سەرۆک كۆماری عێراق بە بایەخێكی زۆرەوە بەدواداچوونی بۆ كاردانەوە جیاجیاكانی پەیوەست بە بڕیارەكەی سەبارەت بە یاسایی داهاتی شارەوانییەكان كردووە.

لەو ڕوونکردنەوەیەدا هاتووە "لە چوارچێوەی بەرپرسیاریەتی دەستووریی بەڕێز سەرۆككۆمار و پەرۆشیی زۆری بۆ پابەندبوون بە تەواوی پرەنسیپەكانی دەستوور بەتایبەتیی ئەوەی پەیوەندی هەیە بە ئازادییە تاكە كەسییەكان و ئەو مافانەی كە پەیوەستن بە مافەكانی پێكهاتە ئاینیی و مەزهەبیە هەمە رەنگەكان، بەڕێزیان داوای پێداچوونەوەیەكی وردتری ئەم قانونە دەكات".

هەروەها ڕاشیگەیاندووە "تێهەڵكێشكردنی مادەیەك لە نێو ماددە قانونییەكان لەكاتی دەنگدان لەسەری بێ ئەوەی لەكاتی خوێندنەوەی یەكەم و دووەمدا بە فلتەری ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەراندا بڕوات رێكارێكی سەركەوتوو نییە و لەگەڵ رێوشوێنە قانونییە دیموكراسیەكاندا ناگونجێت".

ئەمەش لە کاتێکدا دێت پەرلەمانی عێراق یاسای داهاتی شارەوانییەكانی پەسندكرد، بەپێی ئەو یاسایەش فرۆشتنی خواردنەوە كحولییەكانی قەدەخە كرد، نووسینگەی سەرۆككۆماری عێراقیش لە سەر واژۆكردنی یاساكە روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە.



PM:11:05:26/10/2016