بارزانی رێگا نادات قوباد تاڵەبانی لەو وەفدەدابێت کە پێشوازی لە وەزیری بەرگری ئەمەریکا کرد

مەسعود بارزانی رێگا نادات، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی حوکەمەتی هەرێم، لەو وەفدەدا بەشداری بکات کە پێشوازیان لە ئاشتون کارتەر وەزیری بەرگری ئەمەریکا کردو لەگەڵیدا کۆبوونەوە. 

دوای سەردانەکەی بۆ بەغدا، ئاشتون کارتەر رۆژی ١٠/٢٣ گەیشتە هەولێر و لەپیرمام لەگەڵ بارزانی و چەند بەرپرسێکی حکومەتی هەرێم کۆبوونەوە، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند" بارزانی رێگای نەداوە قوباد تاڵەبانی لە نێو ئەو وەفدەدابێت کە پێشوازیان لە وەزیری بەرگری ئەمەریکا کردووەو بانگهێشتیان نەکردووە بۆ ئەو کۆبوونەوەیە".

بەپێ زانیارییەکانی سپی، بانگهێشتنەکردنی قوباد تاڵەبانی لەلایەن بارزانیەوە لەنێو ئەو وەفدەدا کە پێشوازی لە ئاشتون کارتەر بکات، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هێرشە میدیایانەی کەسە نزیکەکانی نێو بنەماڵەی تاڵەبانی ناوبەناو لە میدیاکانەوە هێرش دەکەنە سەر بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان.

پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتی و هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی لە ماوەی ساڵی رابردوودا هەڵکشان و داکشانی زۆری بەخۆوە بینیووە، هەندێکجار ئەو پەیوەندیانە ساردی و ناکۆکی تێکەوتووەو هەندێکجاریش ئاسایی بووە.


PM:12:04:27/10/2016