یەکێتی مامۆستایان لەسەروەرگرتنی 25 هەزار دینار لە خوێندكاران وەڵام دەداتەوە

ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایانی كوردستان  هەواڵی وەرگرتنی ٢٥ هەزار دینار لە خوێندکاران بۆ دەستپێکردنەوەی دەوام رەتدەكاتەوە‌و دەلێت: دوورە لە ڕاستییەوە.

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵێک لە ژمارەیەک میدیا کە گوایە مامۆستایان بۆ دەستپێکردنەوەی دەوام ٢٥ هەزار لە هەر خوێندکارێک وەردەگرن، ئەمڕۆ ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦، بەرهەم مستەفا بە ئێن ئاڕ تی وت "سەرلەبەری ئەو هەواڵە ڕەتدەکەینەوە کە گوایە لە پڕۆژەکەی ئێمەدا هەبێت ٢٥ هەزار دینار لە هەر خوێندکارێک وەربگرین".

ئەوەشی وت "مامۆستا لەوە گەورەترە سوکایەتی پێبکرێت، ڕێگە نادەین بە هیچ شێوەیەک پارە لە خوێندکار کۆبکرێتەوە لەکاتێکدا حکومەت مانگانە ٦٤٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات".

ئەو ئەندامە ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆژەکەیان پێشکەشی هێزە سیاسییەکان کردووە تاوەکو خۆیان چارەسەری ئەم بایکۆتە بکەن و بەپێی پڕۆژەکەش دەبێت سندوقێکی کۆکردنەوەی هاوکاری دروستبکرێت کە لایەنەکان خۆیان سەرپەرشتی بکەن.

ڕاشیگەیاند "بۆمان دەرکەو کە حکومەت بێ منەتە و هەڵوێستی نییە، لەبەر ئەوە ئەگەر لایەنە سیاسییەکان بە خەمی دەوامی خوێندنەوەن با خۆیان چارەسەری بکەن، ئەندام مەکتەبی سیاسی هەیە لە حکومەت دەوڵەتمەندرە، هێزی سیاسیی هەیە کۆمپانیای زەبەلاحی هەیە".

ئەو ئەندامەی سکرتاریەت وتیشی کە لایەنە سیاسییەکان پشتگیری پڕۆژەکەیان کردووە، بەڵام ئایا ئامادەن بێنە پێشەوە و لە گیرفانی خۆیان هاوکارییان بکەن.



PM:03:25:30/10/2016