یوسف محەمەد: بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان رێگای دیكە دەگرینەبەر

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، لەگەڵ فراكسیۆنەكان قسە دەكەین بۆئەوەی چ كارێك بكەین پەرلەمان بە یەكگرتوویی بمێنێتەوە، ئەگەر پێمان كرا ئەوە دەكەین، ئەگەر نا ئەوە رێگاكانی دیكە دەگرینەبەر بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان

 ئەمڕۆ 31/10  پاش سەردانی بۆلای عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، د.یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "لەنێوان فراكسیۆنەكان و سەرۆكایەتی پەرلەمان و هەم لەنێوان حزبەكانیشدا هەوڵ هەیە بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان".

یوسف محەمەد ئاماژەی بەوەشدا، نابێت داعش ببێتەهۆی پەكخستنی پرۆسەی دیموكراسی، دەشڵێت "دوای لاوازبوونی داعش پێویستە پرۆسەی دیموكراسی بگەڕێتەوە سەر رێچكەی ئاسایی خۆی".

سەبارەت بە ئیمزای 60 پەرلەمانتار بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستانش، ئەو وتی "هیچ یاداشتێك نەگەیشتووەتە ئێمە، كە گەیشت موناقەشەی دەكەین و لەگەڵ فراكسیۆنەكانیش قسە دەكەین بۆئەوەی چ كارێك بكەین پەرلەمان بە یەكگرتوویی بمێنێتەوە، ئەگەر پێمان كرا ئەوە دەكەین، ئەگەر نا ئەوە رێگاكانی دیكە دەگرینەبەر بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان".

سەرۆكی پەرلەمان دەشڵێت "دیارە كێ پەرلەمانی پەكخستووە، پارتی دیموكراتی كوردستان بەبڕیاری مەكتەب سیاسییەكەی، ئیتر پێویست بە شێر و رێوی هێنانەوە نییە".

د.یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دوپاتیشیكردەوە، كە لە ئێستادا كێشەكە ئەوەنییە پەرلەمان چۆن كارا دەكرێتەوە یان نا، بەڵكو كێشەكە ئەوەیە چۆن دامەزراوە لە هەرێمی كوردستاندا دروست دەبێت. وتیشی"لەو دامەزراوەیەدا هەموولایەك نوێنەرایەتی خۆی هەیە و دەبێت وابكەین لەژێر ركێفی هیچ لایەنێكی دیكەدا نەبێت".



PM:01:34:31/10/2016