سێ ئەندامی فراکسیۆن یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەشداری کۆبوونەوە لەگەڵ قوباد تاڵەبانی ناکەن

‌فۆتۆ.. راگەیاندنی جێگری سەرۆک وەزیران
جێگری سەرۆکی وەزیران، قوباد تاڵەبانی لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەن و فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کۆدەبێتەوە، بەڵام سەرۆکی فراکسیۆن و دوو ئەندامی فراکسیۆنەکە بەشداری ناکەن. 

ئەمڕۆ دووشەمە 30/10/2016، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، لە هەولێر، لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی پاڕێزگای سلێمانی و ئەندامانی فراکسیۆنی یەکێتیی نشتیمانی کوردستان لە ئەنجومەنی پاڕێزگای سلێمانی کۆبووەوە، بەڵام هەریەک لە رێکەوت زەکی سەرۆکی فراکسیۆن و هۆشیار ئیسماعیل و سەلما فەتاح، بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کرد.

لەو کۆبوونەوەکەدا، باس لە ڕەوشی پاڕێزگای سلێمانی لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە و چۆنیەتی تێپەڕاندنی قەیرانەکان و چارەسەرکردنیان کرا، بەتایبەت مەسەلەی مووچەی مامۆستایان و مووچەخۆران.
بەپێی راگەیاندنی جێگری سەرۆک وەزیران، قوباد تاڵەبانی لەو کۆبوونەوەیەدا وتی " گومانی تێدا نییە کە ئەم ڕەوشەی ئێستا نالەبارە و تەندرست نییە، بەڵام بەدڵنییایەوە تێیدەپەڕێنین و گەشبینیشین پشتبەستن بە پلانەکانمان و ئیرادەی حکومەت و میللەتەکەمان دەرباز  دەبین لەم قۆناغەی ئێستا".

هەروەها وتیشی " گلەیی و ناڕەزاییەکانی مامۆستایان و مووچەخۆران لە جێی خۆیانن، ئەرکی ئێمەشە وەک حکومەت جگە لە بەهەند وەرگرتنییان، دەبێت چارەسەرییان بکەین کە بە فیعلی هەنگاوی باشمان ناوە و هەڵەکانی ئێستا و ڕابردوش چاکبکەینەوە".

جێگری سەرۆک وەزیران باسی لە هەنگاوەکانی چاکسازی حکومەت کرد و وتی " دەبێت پێش هەموو شتێک، سیستەمی حکومڕانی رێکبخەینەووە و دواتر لە ڕێی سیستەمێکی تەندروست هەموو گرفتەکان چارەسەر بکەین." 

لەو راگەیاندنەی جێگری سەرۆک وەزیراندا هیچ ئاماژەیەک بۆ بەشداری نەکردنی ئەو سێ ئەندامەی ئەنجومەنی پاریزگا نەکراوە، سپی پەیوەندی کرد بە رێکەوت زەکی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی، لەسەر هۆکاری بەشداری نەکردنیان لە کۆبوونەوەکەدا، ناوبراو ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێک بدات.



PM:11:07:31/10/2016