كاتی دەستپێكردنی دەوامی زانکۆی سلێمانی راگەیەنرا

بەسەرۆکایەتی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر ڕەزا حەسەن سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بە وەکالەت ئەمڕۆ 11/2 ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی لە سەرۆکایەتی زانکۆ کۆبوونەوە.

سەرەڕای کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی گفتوگۆ دەربارەی کۆمەڵێک کاروباری زانستی و کارگێڕی کرا، هەروەها باس لەخۆ ئامادەکردن کرا بۆ چونیەتی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی خوێندکارانی ماستەرو دکتۆرا کە وا بڕیارە ڕۆژانی 7و8ی ئەم مانگە ئەنجامبدرێت.

هەروەها لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا سەرجەم ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ بەگرنگیان زانی کە هوڵبدرێت بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن لە زانکۆی سلێمانی سەرەڕای سووربوون لەسەر داخوازییەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران و جێبەجێکردنی ئەو داواکارییانەی کە وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی کردبوو، بەڵام بە گرنگیشی دەزانن کە خوێندنی خوێندکاران دوا نەکەوێت.

دەربارەی دەوامی فەرمانبەرانیش ئەنجوومەنی زانکۆ بەکۆی دەنگ بڕیاریاندا کە لەهەفتەی داهاتووەوە فەرمانبەران بەپێی خشتە کۆنەکە دەوامی ئاسایی خۆیان بکەن.



PM:02:06:02/11/2016