هەڵسوڕاوێکی گۆڕان وەڵامەکەی میدیای گۆڕان بۆ مەلا بەختیار بە "مەهزەلە" ناوزەد دەکات

هەڵسوڕاوێكی گۆڕان رەخنە لە شێوازی وەڵامی میدیای حیزبەکەی و چۆنێتی وەڵامدانەوەی مەلا بەختیار کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەگرێت. 

مەجید ساڵح هەڵوسوراوی گۆڕان و راوێژکاری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رەخنە لە میدیای حیزبەکەی دەگرێت و دەنووسێت" قسەکانی مەلا بەختیار کە هەڵەی یاسای و تێنەگەیشتن لە پەیڕەو پرۆگرامی پەرلەمانی تێدابوو، دەکرا بە لۆژیکی ئەقڵ و بە پێی ئەو پەیامەی کە کاتی خۆی میدیای کۆمپانیای وشەی لەسەر دامەزرا وەڵام بدرێتەوە".

ئەو هەڵسوڕاوەی گۆڕان رەخنە لەوەڵامدانەوەکە دەگرێت و بە " مەهزەلە " ناوزەد دەکات و،  دەڵێت"  نەک بەو مەهزەلەیەی کە کرا... بۆ ئەوانەی پەیامی کۆمپانیای وشەیان لە بیر چووە، یان هەر لێی تێنەگەیشتوون، سەیرێکی سایتی سبەی بکەن، بۆ ئەوەی گوتاری بزوتنەوەی گۆڕان نەکەن بە شەڕە جوێن و قسەی بازاڕی".

هەفتەی رابردوو مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکەتەبی سیاسی یەکێتی هێرشی کردە سەر سەرۆکی پەرلەمان و پەرلەمانتاران و بەوە تۆمەتباریکردن کە ئەوباڵی ئەم کێشە سیاسییەی ئەمڕۆی کوردستان لە ئەستۆی ئەوانە، میدیای گۆڕانیش وەڵامی ئەو بەرپرسەی یەکێتی دایەوەو هەندێک لاپەڕەی مێژووی شاخی مەلا بەختیاری هەڵدایەوە.



PM:06:24:02/11/2016