حکومەتی هەرێم وەڵامی هیومان ڕایتس ۆچی دایەوە

سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوون و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان وەڵامی ڕێکخراوی هیومان ڕایتس ۆچی دایەوە لەبارەی دەستگیرکردنی ئاوارەکان بەتۆمەتی هاوکاری داعش یان ئەندامبوون لەو ڕێکخراوە.

 دیندار زێباری سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوون و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی هیومان ڕایتس ۆچی دایەوە و ڕاشیگەیاند، ڕاپۆرتی ئەو ڕێکخراوە بەتوندی ڕەت دەکەینەوە، بەسیاسی کراوە و جێگەی قبوڵ نییە، تەرجەمەی واقیعی حاڵی ئەو ژمارە زۆرەی هاتنی ئاوارە بۆ کوردستان ناکات".

لەبارەی هاتنی ئاوارەکان و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵیان زێباری وتی "سەرەتا کە ئاوارەکان دێنە سنوری پێشمەرگە پشکنینیان بۆ دەکرێت، ئەوەش بەهۆی مەترسی چەک و تەقەمەنیەوەیە، پرۆسەی پشکنین و لێکۆڵینەوەش لەچەند کاتژمێرێک زیاتر ناخایەنێت و دواتر دەگوازرێنەوە بۆ کەمپەکان".

هەروەها وتیشی "ئەو ئاوارانەی کە دێنە هەرێم پیاو ژن و منداڵ جیا دەکەنەوە، جاری واهەیە بۆ چەند ڕۆژێکیش دەمێننەوە، ئەگینا دەستگیرنەکراون".

 سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوون و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەشی وت "ڕێکخراوی قەندیل بەهاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەییان هەبووە لەکاتی لێکۆڵینەوە لە ٦٠٠ دەستگیرکراو، هاوکاری یاساییان پێشکەشکردووە".

زێباری ئەوەشی وت "بەپێی ئەو زانیارییانەی کە ئاوارەکان دەیدەن بەشێکیان دەستگیردەکرێن و دواتر ڕەوانەی ئاسایشی هەولێر دەکرێن، دواتریش پرۆسەی یاسای دەستپێدەکات و بەفەرمانی دادوەرە و ماوەکەشی دیاریکراوە لە ٢٤ کاتژمێر هەتا ١٥ ڕۆژە هەتا بەپێی یاسای عێراق شەش مانگیش دەتوانرێت لە پرۆسەی لێکۆڵینەوەدابن".



PM:02:33:03/11/2016