سەرۆکی پەرلەمان: دەبێت دەسەڵات، وەڵامی بۆ ڕاپۆرتەکانی بەتاڵانبردنی نەوت هەبێت

سەرۆکی پەرلەمان د. یوسف محەمەد رایگەیاند "دەبێت ئەم دەسەڵاتەی کە ئەم ڕۆژە سەخت و پڕ لە کێشانەی بۆ هاوڵاتیان درووست کردووە و بە شێوەیەکی ناشەرعی سیاسەت و ئابوری ئەم هەرێمیەی قۆرخ کردووە، وەڵامی ڕوونی بۆ ڕاپۆرتەکانی بەتاڵان بردنی نەوت و سامانی هاوڵاتیان هەبێت".

نیوەڕۆی ئەمڕۆ ٥ شەممە، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، بە ئامادەبوونی نوێنەری فراکسیۆنەکانی (یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ) لە نووسینگەی پەرلەمان لە پێشوازی بەشێک لە مامۆستایانی ناڕازی کرد و پشتیوانی خۆی و پەرلەمانی کوردستانی بۆ داوا ڕەواکانی مامۆستایان دوپات کردەوەو وتی ". پێویستە لایەنە سیاسییەکانی تریش، بە ڕوونی هەڵوێستی خۆیان سەبارەت بەو دزی و تاڵانی و نادیارییەی سەروەتی هاوڵاتیان هەبێت و نابێت لێی بێ دەنگ بن.!

لە بەشێکی تری وتەکانیدا، سەرۆکی پەرلەمان وتی "بەداخەوە لە ئیستادا بە بیانوی شەڕی داعش، خەریکە پڕۆسەی دیموکراتی لە هەرێمی کوردستان بەتەواوەتی پەکدەخرێت.

هەروەها وتیشی، وتی" ئێستا کاتی هەنگاوی جدییە، بۆ کۆتایی هێنان بە قۆرخکاریی سیاسەت و ئابوریی لەلایەن کەمینەیەکی سیاسی دەستەبژێر، کە چارە

نووسی وڵاتیان بەرەو هەڵدێر بردووە و سیاسەتی برسی کردنی هاوڵاتیان پەیڕەو دەکەن!".

نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی سووربوونی خۆیان لەسەر هەڵوێستەکانیان دووپاتکردەوە، بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان دووپات کردەوە.



PM:09:17:03/11/2016