ئەمەریکا لەسەر منبەج: هیچ رێککەوتنێکمان لەگەڵ تورکیادا نییە

هەرچەندە تورکیا پڕوپاگەندەی ئەوە دەکات کە لەگەڵ ئەمەریکا گەیشتۆتە رێککەوتن کە هێزەکانی سوریای دیموکراتی لە شاری منبەج بکشێنەوە، بەڵام ئەمەریکا بەراشکاوی رای خۆی لەو بارەیەوەی ئاشکرا کردو جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە هیچ جۆرە رێککەوتنێکیان لەبارەیەوە لەگەڵ تورکیادا نییە.

مارک تونر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ١١/٤ رایگەیاند" هیچ جۆرە رێککەوتنێکی لەو شێوەیە لەگەڵ تورکیادا نییە، بۆ یەکەمجارە بابەتێکی لەو شێوەیە دەبیستم کە رێککەوتن هەبێت لەنێوان ئەمەریکاو تورکیا لەسەر شاری منبەج کە هێزە کوردیەکان لەو شارە دەربکرێن".

ماوەی پێنج مانگە بەرپرسانی حکومەتی تورکیا باس لە رێککەوتنێک دەکەن لە نێوان ئەمەریکاو تورکیا لە ئارادایە، بەپێی ئەو رێککەوتنە دەبێت هێزە کوردیەکان و هێزەکانی سوریای دیموکراتی لە شاری منبەج و رۆژهەڵاتی فورات دەربکرێن، بەڵام دوێنێ وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سەرسوڕمانی خۆی لەبوونی جۆرە رێککەوتنێکی لەو شێوەیە راگەیاند.

تونەر وتیشی" هێزە یەپەگە لە شاری منبەج پاشەکشەی کردووە، بەڵام بەشێوەیەکی بەرفراوان و چڕ مامەڵە لەگەڵ ئەو هێزەدا دەکەین و ، بە بەهێزترین و فراوانترین هێزی دەزانین لە باکوری سوریاو بە بەشێکی بەرفراوانی دادەنێین لە هاوپەیمانێتی دژی داعش، ئێمە تێدەگەین کە پرسەکە پەیوەندی بەهەندێک کەسایەتی ناو یەپەگەوە هەیەو بەڵێنمان لێ وەرگرتن و ئەوانیش پابەندبن بەڵێنەکانیانەوە".



PM:01:32:05/11/2016