قوباد تاڵەبانی لە ١٠/٣١ واژووی نوسراوی سەردار قادری وەک جێگری پارێزگا کردووە.. تا ئێستا نەگەیشتۆتە سلێمانی

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، قوباد تاڵەبانی لە ١٠/٣١ ەوە واژووی لەسەر نوسراوی سەردار قادر وەک جێگری پارێزگار کردووە، کەچی تا ئێستا لە نووسینگەی وەزیری ناوخۆ ماوەتەوە، سەردار قادریش تا ئێستا وەک جێگری پارێزگار دەوام ناکات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند" تا ئێستا ئەو نوسراوە فەرمییەی کە قوباد تاڵەبانی وەک جێگری سەرۆک وەزیران واژووی لەسەر کردووە تا سەردار قادر وەک جێگری پارێزگاری سلێمانی دەستنبەکار بێت، لەوەزارەتی ناوخۆ لە نوسینگەی وەزیر ماوەتەوە، بەو پێیەش سەردار قادر تا ئێستا نەچۆتە سەرکارەکەی".

لە رووی فەرمییەوە دەبێت وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم، کەریم شەنگالی کتابێکی فەرمی دەربکات و بەپێی ئەو کتابە هەندێک لە دەسەلآتەکانی پارێزگار بسپێرێت بە جێگرەکەی سەردار قادر، بەلآم هەفتەیەکە تا ئێستا ئەو کارە ئەنجام نەدراوەو هۆکارەکەشی نەزانراوە، ئایا رۆتینیاتە، یان وەزیرەکەی "پارتی" نایەوێت ئەو کتابە دەربکات.

هەفتەی رابردوو جێگری سەرۆکی حکومەت مۆڵەتی د. ئاسۆ فەرەیدونی پارێزگاری سلێمانی بۆ یەک ساڵ بێ مووچە پەسەند کرد، هاوکات کتابی فەرمی دەرکرد کە سەردار قادر وەک جێگری پرێزگار کارەکانی پارێزگار دەکات، ئەمەش لە چوارچێوەی رێکەوتنی نێوان گۆڕان و یەکێتیدایە ئەنجام درا کە دوو ساڵ لەمەوبەر هەردوولا لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی پارێزگار رێککەوتنیان لەسەری ئەنجام دا.  



AM:10:50:06/11/2016