بارزانی بەڵێنەکەی بۆ ڕیفراندۆم نەبردە سەر

مەسعود بارزانی، چەند جارێک ڕایگەیاندبوو کە بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکای ٢٠١٦ ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی لە هەرێمی کوردستاندا ئەنجام دەدات و ئەمڕۆش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا ئەنجام دەدرێت و بارزانیش تا ئێستا بەڵێنەکەی نەبردووەتە سەر.
لە چەندین بۆنەی جیاوازدا مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاندبوو کە بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە مانگی یانزەدا، لە هەرێمی کوردستان ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەنجام دەدات، بەڵام تا ئێستا نە ڕیفراندۆم ئەنجام دراوە و نە ناوبراو هیچ ڕوونکردنەوەیەکی سەبەرەت بە هۆکاری ئەنجام نەدانی ڕیفراندۆمەکە ڕاگەیاندووە.

ئەمەش لە کاتێکدا دێت کە ماوەی چەند ساڵێکە هیچ کات پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد هێندەی ئێستا بەرەو باشی نەچوون و ماوەی چەند مانگێکیشە جەختکردنەوە لەسەر بابەتی سەربەخۆیی لە لایەن مەسعود بارزانییەوە ئاماژەی بۆ نەکراوە.

لە دوای ساڵی ١٩٩١یشەوە لەم ساڵدا و بۆ ئۆپراسیۆنی موسڵ، یەکەمجارە سوپای عێراق بێتەوە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە، کە ئەمساڵ سوپای عێراق، لە خاکی هەرێمەوە هێرشی بۆ سەر موسڵ دەستپێکردووە.

دواین لێدوانیش سەبارەت بە پرسی سەربەخۆیی نێچیرڤان بارزانیدا، کە ڕایگەیاند دوای شەڕی موسڵ، ئەو کات جارێکی دیکە باس لە ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە.

ئەمەش لە کاتێکدا دێت مەسعود بارزانی لە ماوەی ڕابردوودا ڕایگەیاند کە دوای ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان ئامادەیە واز لە پۆستی سەرۆکی هەرێم بهێنێت، ئەگەرچی لە ١٩ی ئابی ساڵی ڕابردووەوە ماوەی سەرۆکایەتییەکەی کۆتایی هاتووە، کە ئەمەش کێشەیەکی سیاسیی گەورەی لە هەرێمی کوردستاندا دروست کردووە.



PM:12:20:08/11/2016