سنورێکی نوێ لە نیوان هەرێمی كوردستان و ئێران دەکرێتەوە

وەفدێكی باڵای ئێران بەسەرۆكایەتی كونسوڵی ئەو وڵاتە لە هەولێر، بەمەبەستی كاركردن بۆ كردنەوەی دەروازەی سنووری كێلەشین-شنۆ، سەردانی قەزای سۆرانی كرد و لەگەڵ قائیمقامی سۆران و بەرپرسە ئیدارییەكانی ناوچەكە كۆبوونەوە.

ئەمڕۆ (سێشەممە 8/11) لە پرێس كۆنفرانسێكدا، كرمانج عیزەت قائیمقامی سۆران وتی "چەند ساڵێكە كار لەسەر ئەوە دەكەین بۆ یارمەتیدانی هەردوولا لە بواری بازرگانی و فەرهەنگی و هەموو بوارەكانی دیكە مەرزی كێلەشین-شنۆ بكەینەوە، ئێستاش لەدوای دەستبەكاربوونی مورتەزا عیبادی وەك كونسوڵی ئێران لە هەولێر هەوڵەكان زیاتر بەرەوپێشچوون".

 باسی لەوەشكرد، ئێران لای خۆیەوە كاری لەسەر دەكات و ئەوانیش وەك حكومەتی هەرێم هەموو ئامادەن هەماهەنگی بكەن بۆ كردنەوەی ئەو دەروازە سنوریە، وتیشی "هاتنی كونسوڵی ئێران بۆ ناوچەكە سەرەتاییەكە بۆ دەستپێكردنی ئەم هەنگاوە، چونكە بۆ ئەوە هاتووە ئامادەكاری بكەین بۆ كردنەوەی ئەو دەروازە سنورییە".

 لەبەرانبەریشدا مورتەزا عیبادی كونسوڵی ئێران لە هەولێر وتی "پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ئێران پەیوەندییەكی دۆستانەیە، دەبێ هەردوولامان هەوڵی زیاتر بدەین بۆ پاراستنی ئارامی سنوورەكان".

سەبارەت بەكردنەوەی دەروازە سنوریەكەی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتەكەشیەوە، وتی " وەك چۆن لە ئاڵۆزیی سنوورەكان خەڵكی ناوچە سنوورییەكان زەرەرمەندبوون، دەبێت لە كردنەوەی مەرزەكە خەڵكی شنۆ و سۆران-یش سوودمەندی یەكەم بن".



PM:02:50:08/11/2016