داوا لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەكرێت سكاڵا لەسەر حكومەتی هەرێم تۆمار بكات

هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە لە دیوانی ئەنجومەن لە شاری سلێمانی لەگەڵ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کۆبۆوە و داوایکرد کە ئەنجومەنی پارێزگا وەک یەکەیەکی مەعنەوی و پەرلەمانی پارێزگاکە لەسەر موچەی پاشەکەوت و موچە فەوتاوەکانی فەرمانبەران لە مەحکەمەی ئیتحادی عێراق سکاڵا لەسەر کابینەی هەشتی حکومەتی هەرێم تۆمار بکەن .

 هۆشیار عەبدوڵا وتی : ئامانجی ئەو داوایەم ئەوەیە کە ئەو موچە فەوتاوانە بە شێوەیەکی قانونی بکرێنە ماڵ لەسەر حکومەت و وەک مافێکی فەرمانبەرانیش نەفەوتێت ، نەک بۆ ئەم کابینەیە بەڵکو مافێک بێت لە ئایندەی دور و نزیکدا بدرێتەوە بۆ ئەوەش تەنها وەعد و بەڵێنی بەرپرسانی ئێستای حکومەتی هەرێم بەس نیە بەڵکو دۆکۆمێنتی یاسایی و بڕیاری دادگای پێویستە .

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان ئەوەشی وت ، داواکەی بەفەرمی ئاراستەی سەرۆکایەتی کردوە و ئەوانیش بە بایەخەوە لێیان ڕوانیوە و بەڵێنی ئەوەیان داوە لە ئەنجومەن تاوتوێیی بکەن بە جدی مامەڵەی لەگەڵدا بکەن .

هۆشیار عەبدوڵا وتی: لە پێناو پاراستنی ئەو مافەی فەرمانبەران هەمان داوام لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر و دهۆکیش هەیە و بۆ پارێزگای هەڵەبجەش لەبەر نەبونی ئەنجومەن تا ئێستا ئەنجومەنی سلێمانی نوێنەرایەتیان بکەن بۆ ئەو داوایە .

تەوەرێکی تری کۆبونەوەکە تایبەت بوە بە مامەڵەی ڕاستەوخۆی حکومەتی ئیتحادی لەگەڵ حکومەتی شارەکان و لەو ڕوەشەوە ئەو پەرلەمانتارە پێشنیاری کردوە ئەو پرسە ببێتە باسێکی جدی ئەنجومەن و لە ئێستاوە گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت ، چونکە ئەوان هەموو هەوڵێک ئەدەن لە موازەنەی ۲۰۱۷ دا جێگیری بکەن.

هۆشیار عەبدوڵا وتی ؛ پرسی چارەسەری کێشەی موچە تەنها بە پەرلەمانتارانی بەغداد ناکرێت و پەرلەمانتارانی کوردستان دەتوانن ڕۆڵی گرنگ ببین و لە ئێستاشدا ئەنجومەنی پاریزگا و ئەندامەکانی زۆرترین ئەرک و بەرپرسیارێتیان ئەکەوێتە ئەستۆ کە لە پێناوی چارەسەری موچە و ژیانی خەڵک بڕیاری گرنگ و مێژویی و یەکلا کەرەوە بدەن.



PM:03:09:13/11/2016