ئومێد خۆشناو بۆ عەتا سەراویی: 66 مانای چیە؟

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان وەڵامێكی توندی عەتا سەراویی ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی دەداتەوە و ڕایدەگەیەنێت ئەوانیش وەك ئاوارە عێراقیەكان سەیری هەندێك كەس دەكەن لە ناوچەكانی تری كوردستان و دەپرسێت 66 مانای چیە.

سایتی فەرمی پارتی لێدوانێكی ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی بڵاوكردۆتەوە و دەڵێت "(عەتا سەراوی) نەخۆشیی پارتی گرتووە و ماوە ماوە قسەی زۆر گەورەتر لە خۆی دەكات، لە دواقسەشیدا باس لە پێگە و سەنگی پارتی لە سنووری سلێمانی دەكات گوایە پارتی وەكو میوان مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، ئێمەیش دەتوانین بڵێین لە زۆر شوێنی دیكە خەڵكی دیكە بەقەد ئاوارەیەك لەو ئاوارانەی كە لە ناوچەكانی تری عێراق پەنایان بۆ هەرێمی كوردستان هێناوە، تاماشایان دەكەین و هەر ئەوەندە مافەیان لە ناوچەكانی دیكە دەبێت"
ئومێد خۆشناو نوسیویەتی " ئەگەر ئەو دەربڕینانەی هەبێت ئێمە لەو بەڕێزە دەپرسین و بەر لەوەی باسی 31ـی ئاب بكەی 17ـی ئاب بەبیری خۆت بێنەوە و، لێی دەپرسین ئایا ئەو دەزانێت 66مانای چی".

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان وتیشی: "هیوادارین ئەو بەڕێزە بەقەد سەنگی خۆی و سەنگی ئەو حیزبەی كە تێیدایە و پێی دەنازێت، پێی خۆی ڕابكێشێت و بە شێوازێكی دروست و واقعی و مەنتقیانە لێدوان بدات، ئەگینا ئێمەیش لە جێگای هەر وەڵامێك لەو وەڵامانەی كە ئەو جۆرە پەیامانەی ئەو بەڕێزە و خەڵكی دیكە پێی دەدوێن، دەیان قسەمان هەیە، بەڵام پێمان وایە دۆخی هەرێمی كوردستان و بەرژەوەندییە گشتییەكانی هەرێمی كوردستان لە سەرووی ئەو شتانەوەیە و بەو جۆرە لێدوانانە ئێمە هیچ نیگەرانیەكمان نابێت".

پێشتر عەتا سەراوی ، ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەمەڕ نیگەرانیەكانی پارتی لەسەر پرسی مامەڵەكردنی بەغدا لەگەل سلێمانی و لێدوانەكانی ئەدهەم بارزانی سەرۆی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی، ِرایگەیاندبوو "با پارتی دیموكراتی كوردستان پێناسەی نیشتیمانی بە خەڵك نەفرۆشێت ، چونكە خەڵك تا ئێستە ٣١ی ئابی بیرنەچۆتەوە و میتی توركی لە سنوری دهۆكدا تەراتێن دەكات". (زیاتر بخوێنەرەوە)



PM:01:16:16/11/2016