پارەی سێ مانگی مامۆستایان دەدرێت

یەکێتی مامۆستایان ئاشکرای کرد بڕیارە پارەی سێ مانگی هاتووچۆی مامۆستایان بدرێت کە لەلایەن کۆمپانیایەکی ئەڵمانیەوە دەدرێت.

عەبدولواحید محەمەد جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بەسایتی پیوكەی میدیای راگەیاندوە، "بڕیارە لەم مانگەوە دەستبكرێت بەخەرجكردنی پارەی كۆمپانیای GIZ ی ئەڵمانی كە وەك هاوكاری بۆ كرێی هاتوچۆی مامۆستایان خەرج دەكرێت".

عەبدولواحید محەمەد راشیگەیاندووە، "ئەو مامۆستایانەی دوریی شوێنەكەیان لە 20كم بۆ 40كم، بڕی پارەكەیان بریتی دەبێت لە 50 دۆلار بۆ هەر مانگێك، هەروەها ئەوانەی لە 40كم بۆ 50كم، 75 دۆلارەو، ئەوەشی لە 50كم زیاترە بڕی 100 دۆلار وەردەگرێت".

ناوبراو ئەوەش دەخاتە روو" بەپێی ئەو رێككەوتنەی هەیە بڕیارە كۆمپانیای GIZ ی ئەڵمانی بۆ شەش مانگ ئەو بڕە پارەیە خەرج بكات‌و بەدوو بەش بێت، واتا هەرسێ مانگ و بەشێك دابەشبكرێت، چاوەڕوانیش دەكرێت لەم مانگەدا بەشی یەكەم كە پارەی سێ مانگی هاتوچۆی مامۆستایانە دابەش بكرێت".



AM:10:07:17/11/2016