خوێندنی باڵا ناوی خوێندکارە وەرگیراوەکانی زانکۆو پەیمانگاکانی راگەتاند

وەزارەتی خوێندنی باڵا ناوی ٣١ هەزار خوێندکاری وەرگیراو لە زانکۆو پەیمانگاکانی کوردستان راگەیاند.

دەقی راگەیاندراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا
ئەنجامی وەرگرتن لە زانكۆ و پەیمانگەحکومیەكان ڕاگەیندرا و، زیاتر لە (31) هەزار خوێندکار وەرگیران

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی

بۆ ساڵی خوێندنی (2016-2017) وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی زیاتر لە (31) هەزار خوێندكاری لە زانكۆ حکومیەكانی هەرێمی کوردستان وەرگرت و، لە ئەمشەوەوە خوێندکاران دەتوانن ناوی خۆیان لەو بەش و کولێژو زانکۆیانە بدۆزنەوە کە لێیی وەرگیراون.

دوای ئەوەی لەماوەی ڕابردودا وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بەچڕی و وردی بەهاریکاری زانکۆکانی کوردستان پلانی وەرگرتنی داڕشت، بەگەیشتنی ناوی تەواوی دەرچوان لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە بەناوەندی وەرگرتن لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، هەوڵەکان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا چڕکراونەوە بۆ ئەوەی بەڕەچاوکردنی پلانی زانکۆکان زۆرترین ژمارەی خوێندكاران لە زانكۆ و پەیمانگەكان وەربگرێت.

لەو چوارچێوەیەشدا ئەمساڵ (49018) دەرچوی (12)ی‌ ئامادەیی بەهەردو پڕۆسەی (پێشکەشکردنی ڕاستەوخۆی زانکۆیی) و لە ڕێگەی سیستمی (زانكۆلاین)ەوە فۆرمی وەرگرتنیان لە زانكۆ و پەیمانگەكان پێشكەش كرد، لەو ژمارەیەشدا (30039) دەرچو لە زانكۆ و پەیمانگە حكومیەكان بۆ ساڵی خوێندنی (2016-2017) وەرگیران، هەروەک كەمترین كۆنمرەی وەرگیراو لە پڕۆسەی (زانکۆلاین) بریتی بوە لە  (477.13)، کە دەکاتە ڕێژەی (68.18)، بەڵام کەمترین کۆنمرەی وەرگیراو بەهۆی سیستمی پیشبڕکێ لە ڕێگەی وەرگرتنی ڕاستەوخۆی زانکۆیی بریتی بو لە رێژەی (60%).

هاوکات وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە چەند پڕۆسەیەکی دیکەدا دەرچوانی ئامادەییە پیشەییەکان و زانستە ئسلامیەکان و یەکەمی پەیمانگە تەکنیکیەکان و، ڕێژەی (50%) خوێندکارانی بەسیستمی تەکنیکی لە کۆلێژە تەکنیکیەکان وەرگرت، کە کۆی گشتی ئەو ژمارانەش دەگاتە زیاتر لە هەزار خوێندکار، بەوەش کۆی وەرگیراوان بۆ ساڵی خوێندنی (2016-2017) دەگاتە زیاتر لە ((31 هەزار خوێندکار لە زانکۆ و پەیمانگە حکومیەکان بەو پێیەش ڕێژەی (64 %) خوێندکاران لەزانکۆ و پەیمانگەکان وەرگیران.

وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی خوێندكارانی دوانزەی ئامادەیی ئاگادار دەکات دەتوانن لە ئەمشەو، ڕێكەوتی (17/11/6201) لە سەعات (10)ی شەو بەدواوە لە ڕێگەی وێبسایتی (www.regayzanko.com) بەبەكارهێنانی هەمان ناوی بەکارهێنەرو وشەی تێپەڕ (یوزەیەر نەیم و پاسۆرد) كە پێشتر فۆرمی (زانكۆلاین)یان پێ‌ پڕكردۆتەوە، دەتوانن ئەو شوێنە بدۆزنەوە كە لێیی وەرگیراون.

وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ماوەی هەفتەیەکی دیاریکردوە بۆ تانەگرتن و سکاڵاکردن لە ڕێگەی وێبسایتی (زانکۆلاین)، لەهەمان کاتدا داوا لە خوێندکاران دەکات ئەوانەی کە ناویان دەرچوە لەماوەی هەفتەی داهاتوەوە پەیوەندی بەو بەش و سکوڵ و كۆلێژانەوە بكەن کە ناوەکانیان لێ هاتۆتەوە بۆ ڕاییكردنی مامەڵەكانیان، چونكە رێكەوتی (26/11/6201) یەكەم ڕۆژی دەوامی ساڵی نوێی‌ خوێندنیان دەبێت لە زانكۆ و پەیمانگەكان.

سەبارەت بەو خوێندکارانەشی کە بەهۆی کەمی هەڵبژاردنەکانیان وەرنەگیراون، ئەوا لەلایەن ناوەندی وەرگرتن لە وەزارەتی خوێندنی باڵا بەپێیی نمرەو شایستەی بەشەکانیان دواتر بەسەر بەشە جیاکاندا دابەش کراون بەپێیی ڕێنمایی کە لە ڕێبەردا ڕونکراوەتەوە.

ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی ڕابردو و، سەرباری بایکۆتی ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەکان لە شارەکانی کوردستان کە بەهۆیەوە نەتوانرا (پاسۆرد و یوزەنەیم) لە کاتی خۆی بگەێندرێتە دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی، بەڵام هەوڵەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەردەوام بوەو توانی بەزیاتر لە دوو هەفتە لە ساڵانی پێشتر ناوی خوێندکاران ڕاگەێندرێ، ئەوە جگە لەوەی کە ڕێبەری وەگرتنیش بەڕێگەی (ئۆنلاین) خرایە بەردەستی خوێندکاران، بەوەش داهاتێکی زۆر بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان گەڕایەوە.



PM:06:33:17/11/2016