ئومێد خۆشناو "بەتوندی" وەڵامی گۆڕانی دایەوە

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی وەڵامی ڕاگەیەندراوەکەی بزووتنەوەی گۆڕانی دایەوە و ڕایگەیاند "لە دۆخی نائارامی بزووتنەوەی گۆڕان و هەڵسوڕاوەکانی تێدەگەین کە لە چ بارێکی دەروونی خراپدان".
ئومێد خۆشناو سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی وەڵامی فراکسیۆنی گۆڕانی دایەوە و لە لێدوانێکیدا بۆ ڕووداو ڕاگەیاندووە"بەیاننامەکەی گۆڕان ئیفلاسی سیاسیی ئەو بزووتنەوەیە دەردەخات، بۆیە ئەوان کە کەوتوونەتە ئەو حاڵەتە دەروونییە نا ئاساییە هەمیشە هەوڵی چەواشەکاری دەدەن، ئێستا چوونەتە قۆناخێکی دیکە و تووشی هێستریا بوونە و هەموو بنەماکانی ئەخلاقی سیاسیی و بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتییان لەدەستداوە".
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی هەروەها دەڵێت "گۆڕان دەیەوێت لە رێگەی بەیاننامەی جۆراوجۆرەوە زیاتر دۆخەکە ئاڵۆزتر بکات، چونکە لە بنەمادا حیزبێکی فەوزەوین".
ئومێد خۆشناو ڕایگەیاند" ئەو دۆخەی ئێستای گۆڕان، دەرەنجامی ئەو سیاسەتە هەڵەیەی رابردوویانە، کە کەسی یەکەمیان وەکو کەسایەتییەکی نادیار ناوەناوە دەردەکەوێت و دواتر وەکو فریادڕەسێکی بێچارە دەگەڕێتەوە و ناتوانێت دۆخەکە بگۆڕێت".
هەروەها دەشڵێت"بزووتنەوەی گۆڕان باسی خەمەکانی خەڵک دەکات، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆش خەڵک لای بزووتنەوەی گۆڕان ئامرازە نەک ئامانج بۆ خۆشگوزەرانی، ئێستاش دەزانن کە خەڵک لە ئامانجی ئەوان تێگەیشتووە، دەیانەوێت خەڵک جارێکی دیکە بەکاربهێننەوە بۆ ئامانجەکانی خۆیان. تەنانەت دەست لەگەڵ دووژمنانی کوردیش تێکەڵ دەکەن بۆ ئەوەی بگەن بە مەرامی خۆیان و خۆیان لەو چەقبەستووییە رزگار بکەن"
دوای قسەکانی دوێنێی بارزانی لە بەرەکانی شەڕ لەناوچەی باشیک، بزووتنەوەی گۆڕان وەڵامی بارزانی دایەوە و ڕایگەیاند" تێکدانی یه‌کڕیزی نیشتیمانی ‌و کوده‌تا به‌سه‌ر شه‌رعییه‌تدا به‌ هێزی چه‌کدار ده‌کرێ‌و هه‌مو دنیاش شاهیدی ئه‌وه‌ن چۆن هێزێکی چه‌کداری حیزبی رێی له‌ سه‌رۆکی په‌رله‌مان گرت‌و کوده‌تای به‌سه‌ر باڵاترین ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان‌و چاودێری له‌م هه‌رێمه‌دا کرد"


PM:08:07:17/11/2016