یوسف محەمەد: هێنانی موچە لە بەغداوە كە سەرۆك كۆمارەكەی كوردە خیانەت نیە

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پێیوایە هێنانی موچە لە بەغداوە كە سەرۆك كۆمارەكەی كوردە و چەندین پۆست و پلەی باڵای كوردی تیدایە، خیانەت نیە كە لێوەی قوتی خەڵك دابین بكەیت.

ئەمڕۆ یەك شەممە 20/11، یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە نوسینگەی پەرلەمان لە سلێمانی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسی سازكرد و تیشكی خستە سەر دواین گۆڕانكاری سیاسی لە هەرێمی كوردستان.

یوسف محەمەد ڕایگەیاند: پرسی ڕێكەوتن لە بەغدا بە لاڕێدا دەبڕێت، چونكە كەس داوای هەرێمێكی سەربەخۆی نەكردووە، كەس داوای فیدراڵی پارێزگاكانی نەكردوە، بەڵام بە كردەوە ئێستا بە قسەی مەكتەبی سیاسی یەك حیزب حكومەت كاردەكات، ئەوان بڕیار دەدەن پەرلەمان لە كاردەكەوێت، هەر كەسێكی بەدڵ نەبێت ئاودیوی سنوری دێگەڵەی دەكات و بە كردەوە دابەشی دەكات.

سەرۆكی پەرلەمان ئاشكراشی كرد، وڵاتێكی دۆست بێ ناوهێنانی وڵاتەكە ، ئامادەیی دەربڕیوە لەسەر بودجەی خۆی كۆمپانیایەكی چاودێری نەوت بهێنێتە هەرێم بەڵام حكومەت بە گرێبەستێكی خەیاڵی كۆمپانیایەكی هێناوە بۆ چاودێری خۆی قسەی لەسەرە.
وتیشی:  ئێستا خەڵك لە حیزبە سیاسیەكان بە هێزترن، ئەوەی خەڵك دەیڵێت حیزبە سیاسیەكان جورئەتی وتنیان نیە، ئێستا خەڵك لە پرۆسەی سیاسیی خەریكە نا ئومێد دەبێت ئەوەش هۆكاری دروستبوونی توندوتیژەیە لە وڵاتانی دراوسێمان.



PM:12:11:20/11/2016