مامۆستایانی زانکۆو پەیمانگاکان بە شێوازێکی نوێ خۆپیشاندان دەکەن

دەستەی داكۆكی لەزانكۆ‌و پەیمانگاكان رایدەگەیەنن رۆژی یەک شەممە لە سلێمانی زانکۆو پەیمانگاکان بە شێوزاێکی نوێ كەرنەڤاڵی مەدەنی جیاواز رێكدەخەن.

مامۆستای زانکۆ موحسین ئەدیب لە لێدوانێکدا بۆ سپی وتی " دوای ئەوەی دەستەی داكۆكی لەزانكۆ‌و پەیمانگاكان رایانگەیاند كەرۆژی یەكشەممە 27-11-2016 لەبەردەم دەروازەی سەرەكی زانكۆی سلێمانی، گردبونەوەیەكی جیاواز ئەنجامدەدەن، سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی‌و هەندێ‌ پەیمانگا كیتابیان كردۆتە سەر بەشەكان كەدەوام دەسپێبكەنەوە".

ناوبراو دەڵێت "ئێمە دەپرسین: راگەیاندنی بایكۆت لەپای چی‌وشكاندنی بایكۆت لەپای چی؟ كەمترین داواكاری مامۆستایان‌و فەرمانبەران جێبەجێبوە؟ئەوانەی ئەیانەوێت بەزۆرملێ‌ دەوام دەسپێبكەنەوە: بەخۆیان بزانن یان نا، دەیانەوێت سەرجەم خەڵك روبەڕوی دوو ئەگەر بكەنەوە".

ئەو پێێوایە ئەگەری یەکەم " هەموو كۆمەڵگا بكەنە كۆیلەی كەمینەیەكی دەسەڵاتداری نابەرپرس".
ئەگەری دووەمیش لای ئەو مامۆستا ناڕازییە دووەم " خەڵك ناچاربكەن پەنا بباتە بەر توندوتیژی. ئەم دوو ئەگەرەش یەك لەیەك خەتەرناكترن".

موحسین ئەدیب دەڵێت "بۆیە لەپێناو ئەوەی خەڵك نەكرێنە كۆیلە‌و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی روبەڕوی هەڕەشە نەبێتەوە. لەخەباتی مەدەنی بەردەوام دەبین لەپێناو بەدیهێنانی مافەكان‌و كەرامەتی مرۆییمانداو، بایكۆت بەردەوامەو، رۆژی یەكشەممە چاوەڕێتانین".



PM:12:21:25/11/2016