بەکر هەڵەدنی: سەردانەکەی ئەمڕۆی پارتی بۆ لای یەکگرتوو جدی نەبوو

ئەبوبەکر هەڵەدنی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکگرتوو، دەڵێت" سەردانەکەی ئەمڕۆی پارتی بۆ لای یەکگرتووی ئیسلامی جدی نەبوو".

ئەبوبەکر هەڵەدنی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی ئێن ئارتی، رایگەیاند" وەک رای خۆم رایدەگەیەنم ئەو وەفدی ئەمڕۆی پارتی کە سەردانی ئێمەی کردو بە نیازە سەردانی لایەنەکانی تریش بکات، جدی نییە".

ناوبراو نەبوونی پرۆژەیەکی چارەسەر بۆ پرسی سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکایەتی حکومەت، چارەسەری قەیرانی دارایی، لەلایەن پارتیەوە، ئاماژەن بۆ نەبوونی جدیەت لەلایەن پارتی.

ئەو پیێوایە هەر پرۆژەیەک هەبێت نابێت لەسەر لابردنی ئاشتی هەورامی سازش بکات،" ئەگەر سازش بکات واتە لەگەڵ خەڵکی کوردستان درۆی کردووە".

ئەبوبەکر هەڵەدنی لەسەر پرسی نەوت روونکردنەوەی زیاتری خستە روو وتی" دەبێت ئەنجومەنی هەرێمی نەوت و گاز کە ئێستا وردو درشتی دۆسیەی نەوتی لایە، هەڵوەشێتەوە و، لەجێگای ئەو یاسای سندوقی نەوت گازی پەرلەمانی کوردستان دابمەزرێنێت کە باشترین یاسایە".

سەبارەت بە مانەوەی وەزیرەکانی یەکگرتوو و لایەنەکانی تر لە حکومەت، کە ئەمان ئەم هەموو تێبینیەیان لەسەر ئەدای حکومەت هەیە، هەڵەدنی وتی" زۆربەی وەزیرەکان فەرمانبەرن، ئەگەر وانەبووایە دەبوو سیستەمی پاشەکەوتی مووچەیان رەتکردایەتەوەو بۆ خەڵكیان راگەیاندایە".

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی وتی" خەڵکی کوردستان گیریان خواردووە بە دەست کۆمەڵێ نەزان و هەلپەرستەوە". 

 



PM:07:59:28/11/2016