ئایا سبەینێ دەوامی خوێندن لە سلێمانی دەكرێتەوە؟
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی دەڵێت سبەینێ چوارشەممە 30-11 دەست بە دەوامی خوێندنگاكان دەكەنەوە. هاوكات كۆبوونەوەی بەڕێوەبەری خوێندنگاكان هەڵوەشایەوە.
بڕیاربوو ئەمڕۆ (سێشەممە 29/11) كۆبونەوەی بەڕێوەبەری خوێندنگەكانی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین بەڕێوەبچێت، بەڵام هەڵوەشێنرایەوە. كۆبونەوەی ئەو بەڕێوەبەرانە بۆ بڕیاردان بوو لەسەر چارەنوسی خوێندن لەو دەڤەرانە، بەڵام ئەنجومەنی دەستەی مامۆستایانی ناڕازی بڕیاری دا كۆبونەوەكە نەكرێت و هەڵوەشێنرایەوە.
هاوكات دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەدەی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند "بڕیاریان داوە رۆژی چوارشەممە 30-11-2016 دەست بە دەوامی خوێندن بكەن و دەرگای قوتابخانەكان بكەنەوە".
وتیشی "سەرپەرشتیارانی قوتابخانەكانمان راسپاردووە قسە لەگەڵ بەڕێوەبەر و مامۆستایان بكەن و لە ئەگەری مەترسی لەكیسچوونی ساڵێكی خوێندن ئاگاداریان بكەنەوە".
هاوكات ئەنجومەنی بەڕێوەبەری خوێندنگاكان رایدەگەیەنن كە لەبایكۆتكردن بەردەوام دەبن. هەر ئەمرۆش لە كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیانیش، لە سەرلەبەیانی ئەمڕۆوە خۆپیشاندان و گردبونەوەی مامۆستایانی ناڕازی بەردەوامە و سورن لەسەر بایكۆت و دەوامنەكردن تا ئەوكاتەی سیستمی پاشەكەوتی موچە هەڵدەوەشێتەوە.
AM:11:11:29/11/2016