"پارتی لە ژێرەوە، لەگەڵ هەردوو باڵەكەی یەكێتی رێككەوتووە"

رۆژنامەنوسی دیاری پارتی دیموكراتی كوردستان رێبوار كەریم وەلی لەنوسینێكدا ئاشكرای دەكات كە پارتی لە ژێرەوە لەگەڵ هەردوو باڵەكەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رێكەوتووە.

رێبوار لە وتارەكەیدا دەنوسێت "ئێستا پارتی هەمان ئەو كارتەی بەدەستەوەیە كە پاش و پێش 23ی حوزەیران لە دەستی پەرلەمانییەكاندا بوو، بەڵام بەهۆی هەرزەكاریی سیاسییەوە سووتاندیان. بەڵام پارتی بە سەبرەوە مامەڵە دەكات و، ساڵێك وەستا تا بەرامبەرەكانی هەموو كارتەكانی خۆیان تاقی بكەنەوە و نائومێدیان بكات".

هەروەها دەنوسێت "مەبنای گفتوگۆكان، لەسەر حكومەتی زۆرینەی بچووككراوە بە سەرۆكایەتیی پارتی و، بە پشتیوانیی هەردوو باڵەكەی یەكێتی نیشتمانی، یەكگرتووی ئیسلامی و حیزبەكانی دیكەی ناو پەرلەمان دەبێت. پارتی لە ژێرەوە، لەگەڵ هەردوو باڵەكەی یەكێتی رێككەوتووە، یەكگرتووی ئیسلامیش لە سۆنگەی سەركردایەتیی ئێستای توانای بڕیاردانی هەیە و رەنگبێ بتوانێ كۆمەڵیش بێنێتەوە ناو بازنە، بۆیە گفتوگۆكانی ئەمجارەی پارتی لەگەڵ حزبەكانی دیكە، چوارچێوەكەی پێشوەختە دیارە. پارتی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی لە هاوكێشەكە هێناوەتە دەرەوە و لایەنەكان سەرپشكن بۆ دیاریكردنی كەسێك (مەعلوم بە چ میكانیزمێك) تا هەڵبژاردنی داهاتوو. ئەوەی دەمێنێتەوە پەرلەمان و حكومەتن كە پارتی مەبەستیەتی لە نێوان هەردوو باڵەكەی یەكێتی و ئیسلامییەكاندا بە هاوسەنگی دابەشیان بكات".



PM:12:25:29/11/2016