سەرۆکی پەرلەمان: حکومەت مافی ئەوەی نییە موچەی فەرمانبەران ببڕێت

 سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، د. یوسف محەمەد، ئەمڕۆ ٤ شەممە، بە ئامادەبوونی چەند پەرلەمانتارێکی گۆڕان و یەکێتی و یەکگرتوو، پێشوازییان کرد لە شاندێکی هاوبەشی یەکێتی دادوەرانی کوردستان و سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی.

لە کۆبوونەوەیەکدا، سەرۆکی پەرلەمان، پشتیوانی خۆی و پەرلەمانی کوردستانی بۆ سەربەخۆیی تەواوی دادگاکانی کوردستان دەربڕی و داوای کرد هیچ لایەن و گروپێک، بە بیانووی جیاوازەوە دەستێوەردان لە کاروباری دادگاکان نەکات.

لەبەشێکی تری وتەکانیدا، سەرۆکی پەرلەمان وتی"بەداخەوە ئێستا لە هەرێمی کوردستان یاسا سەروەر نییە، ئەگەر یاسا سەروەر بوایە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان بەم شێوەیە نەدەبوو. حکومەت لە پەکخستنی پەرلەماندا دەستی بۆ بڕین و کەمکردنەوەی موچەی هاوڵاتیان برد، حکومەت مافی ئەوەی نییە موچەی فەرمانبەران ببڕێت . 

شانی دادوەران، جگە لە پشتیوانی وتەکانی سەکی پەرلەمان، هەماهەنگی نێوان دەسەڵاتی دادوەریی و دەسەڵاتی یاسادانانیان بە پێویست و گرنگ زانی، ئاماژەیان بەوەدا داخستنی پەرلەمان وای کردووە کۆمەڵێک یاسای گرنگ پەکی بکەوێت و کار بکاتە سەر سەروەر بوونی یاسا لە هەرێمی کوردستان.

لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا تەبابوون کە پڕۆسەی چاکسازیی بە بێ سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریی و چاودێریی پەرلەمان سەرکەوتوو نابێت.


PM:08:59:30/11/2016