وەزیری پەروردە بڕیارێک دەردەکات و هەموو ئەو بەڕێوەبەرو مامۆستایانەی دەوام ناکەن بە " غیاب " تۆمار دەکرێن و رێوشوێنی یاسایی لە دژیان دەگیرێتە بەر.
پشتیوان سادق وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم، لە رۆژی ١٢/١ نوسراوێکی نوێی دەرکردووەو لەو نوسراوەدا هاتووە "
"بەرپرسیارێتییە یاسایی و ئەخلاقییەکان ناچارمان دەکەن ئامادەنەبوونی مامۆستایان (غیابات) تۆمار بکرێت و هەر بەڕێوەبەر و مامۆستایەک پابەندی دەوامی فەرمی خۆی نەبێت ڕێکاری یاسایی و کارگێڕی لە بەرامبەردا دەگیرێتەبەر".
هاوکات لە نوسراوەکەی وەزارەتی پەروەردە دا هاتووە "بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگاکان و بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزاکان و سەرپەرشتیاران بەرپرسن لە تۆمارکردنی ئامادەبوونی مامۆستایان و فەرمانبەران و جێبەجێکردنی ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان بۆ ئەنجامدانی کاری پێویست".
لە نوسراوەکەیدا وەزیری پەروەردە ڕایگەیاندوە "وەزارەت پشتگیری داخوازی مافە ڕەواکانی مامۆستایان و فەرمانبەران دەکات و هەموو هەوڵێکیشی داوە بۆ باشترکردنی گوزەرانیان و ئێستاش دەکرێت، ئەو داخوازیانە بەردەوام بن و قوتابی و خوێندکارانیش لە خوێندن بێ بەش نەبن و دەوام دەست پێ بکاتەوە".
ئەو بڕیارە لە کاتێکدایە کە رۆژی ٥ شەممەی رابردوو لە دوا خۆپیشاندانی مامۆستایانی سلێمانی ژمارەیەکی بەرچاو لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە رووبەرووی توندوتیژی بوونەوە.