نرخی نەوت زیاتر بەرزدەبێتەوە

نرخی بەرمیلێك نەوتی برێنت لە بازاڕەكانی جیهاندا بەردەوامە لە بەرزبوونەوەو تائێستا لە سەروو 54 دۆلارە.

دوای ئەوەی هەفتەی پێشوو لە كۆبوونەوەی رێكخراوی ئۆپێكدا بڕیاردرا ئاستی بەرهەمی رۆژانەی نەوت بۆ یەك ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل دابەزێنرێت، نرخی نەوتی برێنت بە خێرایی لە بازاڕەكانی جیهاندا روو لەبەرزبوونەوە دەكات و 15.3% زیادبوونی بەخۆیەوە بینیوە و گەیشتۆتە 54 دۆلار و 70 سەنت، ئەوەش بەرزترین نرخە لەماوەی ساڵ و شەش مانگی رابردوودا.

سەرەتای ئەم هەفتەیە لە بازاڕەكانی جیهاندا نرخی نەوتی برێنت بۆ هەر بەرمیلێك بە 54 دۆلار و 12 سەنت دەستیپێكرد و هەرچەندە دواتر بۆ 53 دۆلار و 75 سەنت دابەزی، بەڵام دواتر لە نیوەڕۆی ئەمڕۆوە بۆ 54 دۆلار و 70 سەنت بەرزبۆتەوە.

هەروەك نرخی نەوتی خاوی خۆرئاوای تەكساسی ئەمریكاش لە بەرزیدا ماوەتەوە و یەك بەرمیلی بە 51 دۆلار و 95 سەنتە.



PM:03:54:05/12/2016