سبەی ناوی خوێندکارانی وەرگیراو لە ماستەرو دکتۆرا رادەگەیەنرێت
وەزارەتی خوێندنی بالآو توێژینەوەی زانستی سبەی ٤ شەممە ٢١/٧ ناوی ئەو خوێندکارانە رادەگەیەنێت کە لە خوێندنی ماستەرو دکتۆرا وەردەگیرێن.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی خوێندنی بالآوە بە سپی راگەیاند" ئەو خوێندکارانەی خۆیان کاندیدکردووە بۆ خوێندن لەسەر هەردوو ئاستی ماستەر و دکتۆرا نزیکەی ٤٠٠٠ خوێندکارن و لە ژمارەیە ٢٣٠٠ خوێندکار وەرگیراون".
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە دوای راگەیاندنی ناوە وەرگیراوەکان، ئەو کەسانەی وەرنەگیراون دەتوانن تانە بدەن و وەزارەت دەینێرێتەوە بۆ زانکۆکان و لەوێ لیژنە تایبەت و پسپۆرەکان لەو تانانە دەکۆڵنەوەو بڕیاری لەسەر دەدەن.
پێشتر وەزارەتی خوێندنی بالآ بلآویکردەوە بەپێی ڕێنمایی خوێندنی دکتۆرا ئەمساڵ جیاواز لە ساڵی ڕابردوو ژمارەیەک له كورسیهكانی دكتۆرا بۆ دەزگاو دامەزراوەکانی دهرهوهی وهزارهتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی به سیستمی پارالێل دهبێت تەرخان دەکرێت، وەک وەزارەتی ناوبراو دەڵێت" ئهوهش له پێناو هاندانی خوازیارانی دكتۆرا بۆ ئهوهی ڕوو له زانكۆ ئاست نزمهكانی دهرهوهی وڵات نهكهن".
هەروەها بۆ ههڵگرانی بڕوانامهی ماستهر كه لە دەزگاو دامهزراوهكانی خوێندنی باڵان و خوازیاربوون درێژه به خوێندنی دكتۆرا له زانكۆكانی ههرێم بدهن، ئهوا خوێندن بەپێی پلانی زانکۆکان بێ بهرامبهر دهبێت.
لەو رێنوماییانەدا دەرفەتی خوێندن بەو خوازیارانەش داوە کە دانیشتووی دەرەوەی ئێراقن (واتە هەڵگڕی رەگەزنامەی ئێراقی نین) بەمانەش دەوترێ پێشکەشکاری نێودەوڵەتی، بەهەمان شێوەی ئەو خوازیارانەش لە کاتی دەستەبەرکردنی مەرجە زانستیەکاندا ڕاستەوخۆ بە سیستمی پارالێل وەردەگیرێن و ناچنە پێشبرکێ، مەبەست لەم هەنگاوەش بریتییە لە هاندانی پێشکەشکاری نێودەوڵەتی بۆ مەبەستی ئەنجامدانی خوێندنی دکتۆرا لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان
PM:04:47:06/12/2016