بایدەمیر: پێنج هەزار ئەندامی هەدەپە لە زینداندان

عوسمان بایدەمیر پەرلەمانتاری هەدەپە، رایدەگەیەنێت: پێنج هەزار ئەندامی هەدەپە لەزیندانەكانی توركیا بەند كراون.

ئەمرۆ کاتژمێر ١٢:١٥ خولەک، لە هۆڵی گراند میلینیۆم لە شاری جوان-ی شاری سلێمانی عوسمان بایدەمیر، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ کرد لە باکوری کوردستان و تورکیا.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، عوسمان بایدەمیر، وتی:" لە ئێستادا یادی واژۆکردنی بەندەکانی مافی مرۆڤە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، کە ٦٨ساڵ پێش ئێستا واژۆکراوە، بەڵام بەداخەوە ئێستاش مافی گەلان پێشێل دەکرێت، لە باکوری کوردستان ٢٠ ملیۆن کورد نە ماف نە ژیانی پێڕەوا نابینرێت، ئێمە وەک هەدەپە بە هەموو توانای خۆمانەوە دەربارەی ئەو شەڕانەی لە ناوچەکەدا بەڕێوەدەچێت، بۆ ئاشتی و ئارامی هەموو گەلان خەبات دەکەین".

بایدەمیر، باسی لە هەڵبژاردنی پیشووی پەرلەمانی تورکیا کرد و وتی:" دوای سەرکەوتنی هەدەپە لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو، بە داخەوە ئەردۆغان و حکومەت و ئاکەپە ئەم سەرکەوتنەیان پێ قبوڵ نەکراو ڕۆژ بە ڕۆژ سیاسەتی دژت گەلی کورد و ئازادیخوازان خراپترکرد".

عوسمان بایدەمیر باسی لەفشارەکانی ئاکەپە کرد و وتی:" دەتوانم بڵێم پێنج هەزار ئەندامی هەدەپە خراونەتە زیندانەکانەوە، بەسەدان جار نوسینگەکانی هەدەپە هێرشی کراوەتەسەر، شارەوانیەکان و هاوسەرۆکانی دەستگیرکروان و دەستبەسەر شارەوانیەکانیاندا گیراون، ئەمە دیموکراسی نیە، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و مافی گەلێکە".

ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپە، ئاماژەی بە ڕەوشی زیندانیان کرد و وتی:" دەستگیرکردنی هەڤاڵانی ئێمە ئەوپەڕی دژی هەموو مافەکانی مرۆڤە، ئەمڕۆ دەمیرتاش و هەڤاڵانمان زیندانن، ئەوەی ئاکەپە دەیکات کودەتایە دژی مافی مرۆڤ و مرۆڤایەتی، ئێستا ڕەوشی زیندانیان بەگشتی زۆر خراپە".

لەسەر رەوشی دەمیرتاش بایدەمیر ئەوەی وت:" دەمیرتاش زیاتر لە ٣٦ ڕۆژە زیندانە و ڕێگا نادرێت کەسیش بیبینێت، ڕەوشیان لە زیندان زۆر خراپە و ڕێگەیان نەداوە نامەیەکیش بنوسێت".

هۆکاری سه‌ردانی عوسمان بایده‌میر بۆ هه‌رێمی کوردستان ته‌نها بۆ به‌شداریکردنه‌ له‌ کۆنفرانسی سۆسیال دیموکراته‌کانی جیهانی عه‌ره‌بی و ئه‌وروپا، چاوی به‌ هیچ لایه‌نێک ناکه‌وێت.



PM:02:03:11/12/2016