چوار فراکسیۆنەکە داوای دواخستنی کۆبوونەوەیان لەگەڵ حکومەت دەکەن

فراکسیۆنەکانی یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ حکومەتی هەرێم، داوای دواخستنی کۆبوونەوەکە دەکەن

ئەو چوار لایەنە ئەمڕۆ لە سلێمانی کۆبوونەوە و دوای کۆبوونەوەکەش ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە "ئێمە وەک ئەو چوار فراکسیۆنە کوردستانییەی لە پەرلەمانی عێراقداین، بە هاودەنگی کارمان بۆ بەشە بودجەی هەرێم و مووچەی پێشمەرگە لەناو یاساکەدا کرد و دەنگمان پێیدا".

هەر لەو ڕاگەیەندراوەشدا هاتووە "دەبوایە زۆر زووتر حکومەت حکومەت خەمخۆرانە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی یاسایی کێشەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەی پێشمەرگە شاندێک بنێرێتە بەغدا و لەگەڵ نوێنەرانی کورد لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کۆببێتەوە".

ئەو چوار لایەنە جەختەکەنەوە کە ڕاشیانگەیاندووە "بەڕای ئێمە ئەم جۆرە کۆبوونەوانە پێویستە بە ماوەیەکی گونجاو بەر لەکاتی ئەنجامدانی، فراکسیۆنەکان ئاگاداربکرێنەوە و بە هاوبەشی ئەجێنداکەی دابنرێت و کاتی پێویست بۆ پەرلەمانتاران تەرخانبکرێت کە وردەکاریەکانی یاسای بودجە و بەتایبەت پشکى هەریم بۆ بەرپرسانی حکومەتی هەرێم ڕوونبکەنەوە. بۆیە بە پێویست دەزانین کاتەکەی بۆ هەفتەی داهاتوو دوابخرێت، کە لانیکەم هەفتەیەک لەبەردەم فراکسیۆنەکان و لایەنە سیاسییەکانمان دا بێت، بۆئەوەی بە وردی لەجەدوای کۆبوونەوەکە و ئەجێندا و ئامانجەکەی بکۆڵینەوە و دواتر بڕیارێکی پێویستی لەوبارەیەوە بدەین".

ئەمەش لە کاتێکدا دێت حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق کرد کە لەسەر بودجە لەگەڵیاندا کۆببنەوە.



PM:06:15:13/12/2016