نەوشیروان مستەفا جێگرەوەی خۆی دیاری كرد

رێكخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان نەوشیروان مستەفا، عومەری سەید عەلی دەكات بە جێگرەوەی خۆی.

سەرچاوەیەكی ئاگادار‌و نزیك لەنەوشیروان مستەفا بۆ سپی ئاشكرایكرد كە چەند رۆژێك لەمەوبەر نەوشیروان مستەفا لە وڵاتی بەریتانیاوە وەكالەتێك بۆ عومەری سەید عەلی ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان دەكاتەوە لە رووی یاساییەوە دەیكات بە جێگرەوەی خۆی.

بەپێی ئەو وەكالەتە عومەری سەید عەلی، هەموو مافێكی یاسایی رێكخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕانی دەكەوێتە ئەستۆ ‌و دەتوانێت  لە رووی یاساییەوە وەك رێكخەری گشتیی گۆڕان هەموو كارەكانی بزوتنەوەكە بەڕێوەبەرێت.

عومەری سەید عەلی

عومەری سەید عەلی لەدایكبووی شاری سلێمانییەوە زیاتر لە 40 ساڵی تەمەنی لەنێو خەباتی بزوتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان بەسەر بردوە‌و ماوەیەك پێش ئەوەی بچێتە دەرەوە پیشەی مامۆستا بووە. هەروەها لەگەڵ شەهید خاڵە شەهاب زیندانی سیاسی بووە‌و لەكۆتایی 79 بە لێبوردنی گشتی ئازاد كراوە.

عەمەری سەید عەلی ماوەیەكی زۆر ئەندامی سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی یەكێتی بووە‌و لە سەرەتا هەشتاكاندا بەهۆی بۆردومانی فرۆكەكانی بەعسەوە بە توندی لەناوچەی پشدەر برینداربووە كە چەندین هاوڕێی لەگەڵێدا شەهید بوون، تا ئێستاش ئاسەواری بریندارییەكە بەقاچیەوە دیارە.

عومەری سەید عەلی لە ساڵی 91 تا دروستبوونی حكومەتی هەرێم، نوێنەری یەكێتی نیشتمانی كوردستان بووە لە بەرەی كوردستانیی لەسلێمانی، دواتر بۆ ماوەیەكی زۆر بەرپرسی مەڵبەندی 1ی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بووە كە بەگەورترین مەڵبەندی یەكێتی ناوزەد دەكرا.

لەدوای دەست لەكاركێشانەوەی نەوشیروان مستەفا لە ریزەكانی یەكێتی لە ساڵی 2006دا، عومەری سەید عەلی‌و مستەفا سەیدقادر‌و عوسمانی حاجی مەحمود‌و جەلال جەوهەر، باڵی ریفۆۆمیان لەناو مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا دروستكرد.

دواتر لەسەروبەندی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 2009دا بەیەكجاری ریزەكانی یەكێتییان بەجێهێشت‌و پەیوەندییان كرد بە بزوتنەوەی گۆڕانەوە.

ناوبراو هەرچەند بە نەوە كۆنەكەی نێو گۆڕان ناسراوە لە رووی بیروڕاوە بەڵام بەدرێژایی تەمەنی لەناو هاوڕێكانیدا بە پیاوێكی دەستپاك‌و ئەمین ناوی دەركردوە.




PM:03:11:17/12/2016